zagros news agency

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە بەردەوامە

 

ڕۆژی دووشەممە، ١٥‌ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، سوپای ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر دەڤەرە جیاجیاکانی کەرتی غەزە چڕ کردەوە، بەردەوام بوون لە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست. بە گوێرەی شایەتحاڵان، تۆپباران گەڕەکی زەیتوون لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری غەزە و بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری دێر ئەلبەلەح لە نێوەڕاستی کەرتەکە کرانە ئامانج. لە شاری خان یونس لە باشووری کەرتی غەزە، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانییان کرد، هاوکات تانکەکانی ئیسرائیلیش بە چڕی تەقەیان دەکرد، بە مەبەستی پاککردنەوە و پاراستنی “هێڵی زەرد” و هەر فەلەستینییەکیش کە لێی نزیک بێتەوە، دەکرێتە ئامانج.
لە پارێزگای ڕەفەحیش، هێرشەکانی ئاسمانیی ئیسرائیل نەوەستان و فڕۆکەکان چەندین خاڵی جیاوازی شاریان بۆردوومان کرد. هاوکات دەنگی تەقەی چڕ و قورسی تانک و ئۆتۆمبێلە زرێپۆشەکانی سوپای ئیسرائیل لەسەر هێڵی فیلادلفیا بیسترا. لە گەڕەکی جەنینی لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح، سوپای ئیسرائیل لانیکەم پێنج مووشەکی ئاراستەی ئەو دەڤەرە کرد. بە گوێرەی پەیامنێری عەرەبییە، لە شاری غەزەش، سوپای ئیسرائیل دەڤەرەکانی ڕۆژهەڵات، بە تایبەتی گەڕەکی شوجاعییە، هەروەها بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی کەمپی جەبالیا لە باکووری کەرتی غەزە بۆردوومان کرد. سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕاپۆرتیان دا، کە سوپای ئیسرائیل یەکەیەکی سەربازیی بۆ مەبەستی سیخوڕی و وێنەگرتن لە دەڤەرەکانی ڕۆژهەڵاتی کەمپی جەبالیا، بە تایبەتی لە دەوری شوێنێک کە بە “ئیدارەی مەدەنی” ناسراوە، جێگیر کردووە.
“هێڵی زەرد” سنوورێکی سەربازییە کە لە لایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە و بە یەک لایەنە لە نێو کەرتی غەزەدا دوای ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوەندگیریی ئەمریکا لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ـەوە سەپێنراوە. ئەم هێڵە وەک “ناوچەی قەدەغەکراو” ناسێنراوە و ڕێگری لە فەلەستینییەکان دەکات دەستیان بە ڕووبەرێکی زۆری زەوی لە باکوور، باشوور و ڕۆژهەڵات ڕابگات. سەرۆکی سوپای ئیسرائیل، ئەیال زامیر، بە “هێڵی سنووریی نوێ” ناوی بردووە و گوتی، سوپا کۆنترۆڵی ئۆپەراسیۆنیی بەسەر بەشێکی بەرفراوانی کەرتی غەزەدا هەیە و لەو دەڤەرانەدا دەمێنێتەوە. هێڵی زەرد بەرەو ڕۆژاوا فراوان بووە و نزیکەی ٥٣٪ـی خاکی کەرتی غەزەی گرتووەتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، زیاتر لە دوو ملیۆن کەس لە دانیشتووانی کەرتی غەزە، کە نزیکەی ٨٠٪ـی بیناکانی وێران بووە، لە نێو وێرانکارییەکاندا دەژین. دەسەڵاتدارانی تەندروستی لە غەزە ڕایانگەیاند، ژمارەی قوربانییان گەیشتووەتە ٧٠ هەزار و ٦٦٥ کەس، کە زۆرینەیان منداڵ و ژنن، هەروەها ١٧١ هەزار و ١٤٥ کەس بریندار بوون، ئەمەش لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣ـەوە. نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەت لە غەزە ئاماژەی بەوە دا، کە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا نزیکەی ١٩ پێشێلکاریی ڕێککەوتنی ئاگربەست ئەنجام دراون، بەمەش کۆی گشتیی پێشێلکارییەکان لە دوای ئاگربەستەکەی تشرینی یەکەمی ١٠ـەوە بۆ ١٩٤ حاڵەت بەرز بووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆک نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق و سووریا کۆبووه‌وه‌

سەڵاح

بە ئامادەبوونی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان دەستی پێ کرد

سەڵاح

خولی ئەڵمانیا.. جەنگی بایرن و لیڤەکوزن لەنێو ئەلیانز ئەرینا یەکلانەکرایەوە

یاسین