zagros news agency

جۆرج بوش بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە

 

کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمه‌ریکی (ئەبراهام لینکۆڵن) بەرەو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بگاتە شوێنی مەبەست. هاوکات زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە کەشتیی فڕۆکەهەڵگری (جۆرج بوش)یش بە هەمان شێوە بەرەو ناوچەکە بەڕێ کەوتبێت. ئەم جموجۆڵانە لە کاتێکدان کە ئیسرائیل سەرقاڵی تاوتوێکردنی سیناریۆکانی وەڵامدانەوەیە بۆ هەر هێرشێکی ئەگەریی لەلایەن ئێرانەوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ لەوانە (ئەلجەزیرە) باس لە زیادبوونی ژمارەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا و ئامرازەکانی پشتیوانیی سەربازی دەکەن، لەگەڵ ئەگەری گەیشتنی چەندین فڕۆکەی جەنگی بۆ بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

چوار هۆکارەکەی کشانەوەی ترەمپ لە هێرشکردنە سەر ئێران

لەم چوارچێوەیەدا، ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) لە زاری بەرپرسانی ئەمەریکی و ئیسرائیلییەوە گواستوویەتیەوە کە چوار هۆکاری سەرەکی وایان لە دۆناڵد ترەمپ کردووە ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو لە بڕیاری هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران پاشەکشە بکات کە بڕیار بوو وەک وەڵامێک بێت بۆ شێوازی مامەڵەی تاران لەگەڵ خۆپیشاندانە بەرفراوانەکانی ئەو وڵاتە، وەک:

کەمیی هێز و کەرەستەی سەربازی.

یەكەم: ماڵپەڕەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لە ئاستی پێویستدا نەبوون بۆ ئەنجامدانی هێرش و بەرپەرچدانەوەی وەڵامە ئەگەرییەکانی ئێران، چونکە واشنتۆن دوای هێرشەکانی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران، بەشێکی زۆری هێزەکانی بۆ دەریای کاریبی و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گواستبووەوە.

دووەم: وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا هۆشدارییان دابوو لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەو هێرشە لەسەر سەقامگیریی ناوچەکە.

سێیەم: ڕاوێژکاری بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاندووە کە ناتانیاهۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل ئامادە نییە بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر هەر وەڵامدانەوەیەکی توند و خێرای ئێران. ئەم هۆشدارییە کاریگەرییەکی یەکلاکەرەوەی هەبووە.

چوارەم: بوونی پەیوەندی لە نێوان واشنتۆن و تاراندا، بەو پێیەی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، نامەیەکی بۆ ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمەریکا ناردووە و تێیدا بەڵێنی دواخستنی سزای لەسێدارەدانی خۆپیشاندەرانی داوە.

لە لایەكی دیكەوە کەناڵی ١٣ی ئیسرائیلی بڵاوی کردەوە کە ئەیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، کۆبوونەوەیەکی لە بنکەی هێزی ئاسمانی ئەنجام داوە بۆ تاوتوێکردنی وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ هەر هێرشێکی تاران. هاوکات بەڕێوەبەری گشتیی پیشەسازییەکانی ئاسمانیی ئیسرائیل دڵنیایی داوە کە مووشەکی جۆری (حیتس)ی پێویستیان لەبەردەستە بۆ تێکشکاندنی مووشەکەکانی ئێران.

هەواڵی پەیوەندیدار

کۆرتوا؛ هەر یاریزانێک دەمی شاردەوە لەکاتی قسە کردندا دەبێ سزا بدرێت

یاسین

خه‌ڵاتی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا له‌ 15 ملیۆن بۆ 25 ملیۆن دۆلار زیاد كرا

سەڵاح

وردەکاریی دامەزراندنی گرێبەستی 500 کەس لە پارێزگای هەڵەبجە

سەڵاح