zagros news agency

نەتەوە یەکگرتووەکان: شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند شەپۆلێکی نوێی ئاوارەبوون ڕۆژئاوای کوردستانی گرتووەتەوە و زیاتر لە ١٤٠ هەزار کەس ئاوارە بوون.
ڕوولا ئەمین، گوتەبێژی نووسینگەی هەرێمیی کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، بە کەناڵی (کوردستان ٢٤)ی ڕایگەیاند دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ لەوپەڕی سەختیدایە و کۆسپ و تەگەرەی زۆر لەبەردەم ژیانی دانیشتووانەکەیدا هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد ئێستا شارەکە لە کارەبا، ئینتەرنێت، خۆراک و ئاوی پاک بێبەشە، لە کاتێکدا خەڵکەکە پێویستییەکی زۆریان بەم مافە سەرەتایییانە هەیە.
هەروەها باسی لەوە کرد بەشێکی زۆر لەوانەی ئێستا لە کۆبانێ گیریان خواردووە، دانیشتووی ڕەسەنی شارەکە نین، بەڵکو ئاوارەی ناوچەکانی دیکەن و پێشتر پەنایان بۆ کۆبانێ هێناوە. ڕوولا ئەمینی گوتیشی: “وەک نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ تەواوی لایەنەکان و تەنانەت حکوومەتی سووریاش لەسەر هێڵین و گفتوگۆ دەکەین بۆ ئەوەی ڕێڕەوی مرۆیی بکەینەوە.”
ڕوولا ئەمین لەبارەی دۆخی گشتیی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ڕوونی کردەوە دۆخەکە زۆر دژوارە؛ زیاتر لە ١٤٠ هەزار ئاوارەی نوێ لە ناوچەکەدا هەن کە بەشێکیان ڕوویان لە حەسەکە و قامیشلۆ کردووە و بە دوای ئارامیدا دەگەڕێن. ناوبراو دۆخی کەمپەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریای بە خراپ وەسف کرد و داوای لە وڵاتانی کاریگەر و خاوەن هەژموون کرد ڕۆڵیان لە ڕاگرتنی شەڕ و پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

پەیامی مەسرور بارزانی بەبۆنەی ساڵیادی رێککەوتننامەی 11ی ئادارەوە

سەڵاح

پلەکانی گەرما بەرز دەبێتەوە

یاسین

پارێزەر سەرکەفت موزەفەر: پارتی دەنگدانە بۆ بەرەڤانیکرن ژ مافێن گەلێ کورد ل بەغدا

یاسین