لە سایەی زیادبوونی گرژییەکان و ئەگەری شکستھێنانی گەڕی سێیەمی دانوستانە ئەتۆمییەکانی نێوان تاران و واشنتۆن لە جنێڤ، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا هۆشداریی توندی دایە هاووڵاتییانی خۆی لە ئیسرائیل و لوبنان.
باڵیۆزخانەکانی ئەڵمانیا لە تەلەڤیڤ و بەیروت ڕایانگەیاندووە کە بەهۆی ئەگەری هێرشی سەربازیی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، پێشبینی دەکرێت دۆخی ناوچەکە ئاڵۆز ببێت و مەترسیی داخستنی ئاسمانی ئەم وڵاتانە و هێرشی مووشەکی هەیە. نیگەرانییەکان بەتایبەتی پەیوەستن بە ڕۆڵی حیزبوڵڵای لوبنان وەک بازوی سەربازیی ئێران لە ناوچەکەدا کە ڕەنگە لە ئەگەری هەر شەڕێکدا بەشداری بکات. ئەڵمانیا داوای لە هاووڵاتییانی کردووە ڕێوشوێنی ئەمنی بگرنە بەر و خۆیان بۆ هەر دۆخێکی لەناکاو ئامادە بکەن، چونکە هەڕەشەکانی واشنتۆن بۆ بەکارهێنانی بژاردەی سەربازی، ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی لە ناوچەکەدا زیاتر کردووە.

