بەرپرسێکی ئێرانی، ئەمڕۆ شەممە، 28-2-2026، جەختی لەوە کردەوە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران لە تارانی پایتەخت نەماوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو هێرشە ئیسرائیلییەی کە کرایە سەر شارەکە.
ئاژانسی “رۆیتەرز” لە زاری بەرپرسەکەوە گواستییەوە کە خامنەیی گواستراوەتەوە بۆ شوێنێکی ئارام لە دەرەوەی پایتەخت، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر ئاشکرا بکات.
لە بەرامبەردا، دەستەی پەخشی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە رایگەیاند، “ئیسرائیل لە رابردوودا خۆی لە بەئامانجگرتنی خامنەیی بەدوور گرتووە، بەڵام رەنگە لەم ئۆپەراسیۆنەدا بابەتەکە بگۆڕێت”، هەروەها کەناڵی 12ی ئیسرائیلی لە زاری سەرچاوەیەکی سەربازییەوە گواستییەوە کە “هێرشەکە ئیسرائیلی-ئەمریکییە و لە شەڕی پێشوو سەختتر دەبێت”.
لە لای خۆیەوە، ماڵپەڕی “ئێران ئینتەرناشناڵ” بڵاویکردەوە کە “نووسینگەی سەرەکیی رێبەر لە ناوەڕاستی تاران لە نێو ئەو ئامانجانەدا بووە کە هێرشەکانی بەرکەوتووە”، لە کاتێکدا تا ئێستا دەرەنجامی هێرشەکە یان قەبارەی زیانەکان روون نین.
پێشتریش کەمێک لەمەوبەر، دەزگاکانی راگەیاندنی ئێران بڵاویانکردەوە کە تەقینەوە لە ناوەڕاستی تاران روویداوە و دوکەڵێکی خەست لە نزیک کۆمەڵگەی حکومی لە ناوچەی پاستۆر بەرزبووەتەوە، لەگەڵ بوونی راپۆرتەکان لەسەر کەوتنەخوارەوەی مووشەک لە دەوروبەری ناوچە هەستیارەکان، و پچڕانی بەشێکی پەیوەندییەکان، و داخستنی ئاسمانی ئێران تا کاتێکی نادیار، بێ ئەوەی بە فەرمی قەبارەی زیانەکان رابگەیەندرێت.
هاوکات لەگەڵ ئەم رووداوانە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، یسرائیل کاتس، سەپاندنی باری لەناکاوی راگەیاند، سوپای ئیسرائیلیش جەختی لە گرتنەبەری رێوشوێنی خۆپارێزی کردەوە کە بریتی بوون لە داخستنی قوتابخانەکان، قەدەغەکردنی کۆبوونەوەکان، سنووردارکردنی هاتوچۆ، لەگەڵ لێدانی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچە.
ئەم پێشهاتەش لە کاتێکدایە کە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکە بەڕێوەدەچێت، لە نێوەندی مەترسییەکان لە فراوانبوونی رووبەری ململانێکان لە تەواوی ناوچەکەدا.

