ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ڕایگەیاند فڕۆکە جەنگییەکانی وڵاتەکەی لە جۆری “ڕافاڵ” کە لە ئیمارات جێگیر کراون، بۆ پاراستنی ئاسمانیی بنکە سەربازییەکانی فەڕەنسا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئۆپەراسیۆنیان ئەنجام داوە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە ناوچەکە گرژییەکی زۆری لەگەڵ ئێراندا بەخۆیەوە دەبینێت.
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە دەستێوەردانی ئاسمانیی فەڕەنسا بۆ بەرپەرچدانەوەی درۆنەکانی ئێران، گوتی: “لە ئیمارات و لە بنکەی ئەلزەفرە، بنکەی دەریایی و ئاسمانیمان هەیە.” ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە فڕۆکە ڕافاڵەکان و فڕۆکەوانەکانیان بۆ دابینکردنی ئاسایشی دامەزراوەکانیان بەکار دەهێنرێن و ئۆپەراسیۆنەکانیان تەنیا بۆ پاراستنی ئاسمانی سەر بنکەکانیان ئەنجام داوە.

