ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند تا ئەم ساتە هیچ بەرنامەیەکیان بۆ بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئەمریکا نییە.
بەقایی بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕەخنەگرتن لە “ناکۆکیی نێوان گوتە و کردەوەی ئەمریکا”، گوتی بڕیاری ئێران سەبارەت بە دانوستان لەگەڵ واشنتن لەسەر بنەمای “بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان” دەدرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە هاوکات لەگەڵ ناڕوونی لە بەڕێوەچوونی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا لە ئیسلام ئاباد، پاکستان ڕێوشوێنە ئەمنییەکانی لە دەوروبەری شوێنی پێشبینیکراوی گفتوگۆکان زیاد کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەروەها بە ڕەتکردنەوەی “گواستنەوەی یەدەگی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ئەمریکا یان هەر وڵاتێکی دیکە”، گوتی: “ئەم بابەتە لە هیچ یەک لە قۆناغەکانی دانوستانەکانی ئێستا و پێشوو نەهاتووەتە ئاراوە و لە بنەڕەتدا ئەم بژاردەیە لە بەرنامەی کاری کۆماری ئیسلامیی ئێراندا نییە.”
ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەییی پەرلەمانی ئێرانیش ڕایگەیاندووە بڕیاری تاران “بەردەوامبوونی گفتوگۆکانە لەگەڵ واشنتن”، بەڵام ئەمە بە واتای “دانوستان بە هەر نرخێک” نییە و دەبێت ڕەچاوی “هێڵە سوورەکان”ی تاران بکرێت.
محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەفتەی ڕابردوو سەرۆکایەتیی شاندی دانوستانکاری ئێرانی بۆ ئیسلام ئاباد لە ئەستۆ بوو، ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند هەردوو لایەن پێشکەوتنیان هەبووە، بەڵام هێشتا تا گەیشتن بە ڕێککەوتن سەبارەت بە پرسە ئەتۆمییەکان و گەرووی هورمز مەودایان ماوە. قالیباف شەوی ڕابردوو جەختی کردەوە وڵاتەکەی متمانەی بە دوژمن نییە، چونکە لەوانەیە لە هەر ساتێکدا شەڕەکە قورستر بکات.
هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە نۆی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردووەوە دەستیان پێ کرد، دوای چل ڕۆژ گەیشتە ئاگربەستێکی دوو هەفتەیی. ئەم ئاگربەستە بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە کۆتایی دێت، مەگەر لایەنەکان درێژی بکەنەوە یان بگەنە ڕێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنانی یەکجاری بە شەڕەکە.
هەواڵی داهاتوو

