zagros news agency

‎سوپای پاسداران: هێرشەکانیان ژێرخانی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیلی پەکخستووە

ئەمڕۆ چواشەممە، 22-4-2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وردەکاریی نوێی لەسەر توانا ستراتیژییەکانی و ئەنجامی ڕووبەڕووبوونەوەکانی ئەمدواییەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل خستەڕوو. سوپای پاسداران جەخت دەکاتەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران توانیویانە بە لێدانە موشەکی و درۆنییەکانیان، دوژمن تووشی “داخوران و بێهیوایی” بکەن.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ئەنجامدانی “100 شەپۆلی ئۆپەراسیۆنی تێکەڵاوی موشەکی و درۆنی” وەک زنجیرەیەکی یەکگرتوو، توانیویەتی توانای دەستنیشانکردنی سەربازیی دوژمن پەکبخات و گورزی کوشندە لە ژێرخان و ناوەندە ستراتیژییەکانیان بوەشێنێت. ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی “بۆشاییەکی مەعریفی” و هەڵەی لێکدانەوە لای دوژمن، بەجۆرێک کە ئێستا لایەنی بەرامبەر “پەنای بۆ داوای ئاگربەست بردووە” لەبەرامبەر ئێرانی مقتدەردا.

سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە کە “هەژموونی پۆشاڵیی سەربازیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی” هەرەسی هێناوە و ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا لە لێواری چوونە ناو “سیستمێکی نوێی ناوچەیی” دایە، کە تێیدا هیچ هێزێکی بێگانە و ئیستکباری، بەتایبەت ئەمریکا، جێگەیان نابێتەوە. سوپا ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم سەرکەوتنانە لەژێر ڕێنوێنییەکانی “ئایەتوڵڵا سەید موجتەبا خامنەیی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان” بەدەستهاتوون.

سەبارەت بە ئەگەری هەر دەستدرێژییەکی نوێ، سوپای پاسداران هۆشداری دەدات کە لە لوتکەی ئامادەباشیدایە و لە گەڕی نوێی ئەگەری جەنگدا، “لێدانەکانمان وێرانکەر و لە سەرووی خەیاڵی دوژمنەوە دەبن” بۆ سەر ئەوەی کە لە دارایی و بنکەکانی دوژمن لە ناوچەکەدا ماوەتەوە. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە خاڵە زیندووەکانی دوژمن هێشتا لەژێر مەترسی هێرشەکاندان و ڕێگە نادرێت “مێشک و دڵی ستراتیژیی دوژمن” دووبارە خۆی ببوژێنێتەوە.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە کە هێرشە توندە میدیایی و جەنگە دەروونییەکانی دوژمن دژ بە سوپای پاسداران، نیشانەی شکستی ئەوانە لە مەیدانی ڕاستەقینەدا. هەروەها ستایشی گەلی ئێران کراوە کە بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ شەو و ڕۆژ لە شەقامەکاندا پشتیوانی خۆیان بۆ هێزە چەکدارەکان دەربڕیوە، کە ئەمەش وەک ڕووداوێکی بێوێنە لە مێژووی هاوچەرخدا وەسف کراوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەمەریکا.. زیاتر لە 700 کەس تووشی نەخۆشی سورێژە بوون

سەڵاح

سەرۆکی حەزکورد: دەوڵەتی تورکیا گرنگی زیاتر بە زمانی کوردی بدات

یاسین

ئەنجوومەنی وەزیران کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگی تاوتوێ کرد

سەڵاح