شا چارڵزی سێیەم، پادشای بەریتانیا لە وەڵامێکی توند و چاوەڕواننەکراودا بۆ دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەرگری لە مێژووی وڵاتەکەی و ئەوروپا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر ڕۆڵی بەریتانیا نەبووایە، مێژووی جیهان بە جۆرێکی دیکە دەبوو.
شا چارڵز لە لێدوانێکدا کە دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیا جیهانییەکاندا هەبووە، وەک ئاماژەیەک بۆ هێز و مێژووی بەریتانیا لە بەرامبەر لێدوانە بەردەوامەکانی ترەمپ، ڕوو لە ناوبراو دەڵێت: “ئەگەر ئێمە (بەریتانیا) نەبووینایە، ئێستا تۆ دەبوو بە فەرەنسی قسەت بکردایە.”
ئەم قسانەی پادشای بەریتانیا وەک وەڵامێک دەبینرێت بۆ ئەو لێدوانە باوانەی دۆناڵد ترەمپ کە زۆرجار وڵاتانی ئەوروپا بەوە تۆمەتبار دەکات کە “قەرزاری ئەمریکان” و ئەگەر واشنتن نەبووایە لە جەنگە جیهانییەکاندا، ئێستا ئەوروپا لەژێر دەستی وڵاتانی دیکەدا دەبوو. ترەمپ پێشتر بە گاڵتەجاڕییەوە بە فەرەنسییەکانی وتبوو: “ئەگەر ئەمریکا نەبووایە، ئێستا لە پاریس بە ئەڵمانی قسەتان دەکرد.”
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن، هاتنە دەنگی شا چارڵز لە بابەتێکی لەم شێوەیەدا کارێکی دەگمەنە، چونکە پادشای بەریتانیا بەپێی نەریتە دەستوورییەکان کەمتر دەچێتە ناو ململانێ سیاسییە ڕاستەوخۆکان، بەڵام ئەم لێدوانەی نیشانەی نیگەرانییەکی قووڵی لەندەنە لە شێوازی مامەڵەی ترەمپ لەگەڵ هاوپەیمانە مێژووییەکانی لە ئەوروپا.
ئەم گرژییە زارەکییە لە کاتێکدایە، پەیوەندییەکانی نێوان لەندەن و واشنتن بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، بەتایبەت لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و ئەگەری گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، کە زۆرجار ڕەخنەی توند لە هاوپەیمانی ناتۆ و وڵاتانی ئەوروپی دەگرێت.

