باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداریی توند دەداتە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی لە عێراق و داوایان لێدەکات لە بەرزترین ئاستی وریاییدا بن، ئەوەش بەهۆی زیادبوونی مەترسییەکانی پەیوەست بە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە دەوروبەری ناوچەکەدا.
لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا داوای لە هاووڵاتییانی خۆی کردووە کە بە هیچ جۆرێک گەشت بۆ عێراق نەکەن. هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە ئەو ئەمریکییانەی لە ئێستادا لە ناو عێراقدان، پێویستە ئەوپەڕی وریایی بنوێنن و ڕێکارە ئەمنییەکان بگرنە بەر.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، گرووپە چەکدارەکان لە ناو خاکی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر چەندین ئامانجی جیاواز لە ناوخۆی وڵاتەکە و ناوچەکەدا، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی مەترسییەکی گەورە لەسەر دۆخی ئەمنیی گشتی و تێکدانی سەقامگیری.
ئەم هۆشدارییەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە کاتێکدا دەردەچێت کە ئاڵۆزییە ئەمنییەکانی ناوچەکە بەردەوام لە هەڵکشانداندابوون و مەترسییەکانی دروستبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی زیاتر لە نێوان لایەنەکاندا بە کراوەیی ماونەتەوە.

