ڕۆژی چوارشەممە ٢٩ی ٧ی ٢٠٢٦، بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان و ژمارەیەک لە بەرپرسان و پسپۆڕان، حەوتەمین پەرتووکی (بازنەی گفتوگۆ)ی بە ناونیشانی (نووسینەوەی مێژوو،
بە زمانی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن) بڵاوکردەوە.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدان دەستیپێکرد.
دواتر، د. سالار عوسمان گوتارێکی پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوە کرد کە پلاتفۆرمی بازنەی گفتوگۆ لە ماوەی سێ ساڵ و نیوی تەمەنیدا، توانیویەتی جیاوازییەکان کۆبکاتەوە و بیرۆکەکان بخاتە نێو پلاتفۆرم و کتێبەوە بۆ خزمەتی پرسە نیشتمانییەکان.
هەروەها دۆکیۆمێنتارێک لەبارەی گرنگیی گفتوگۆ نمایشکرا و پاشان پانێڵێک بە ناونیشانی “گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن وەک پێداویستییەکی مێژوویی ئەم قۆناغە” بەڕێوەچوو.
پانێڵەکە لەلایەن بەهرە حەمەڕەشـەوە بەڕێوەبردرا و تێیدا د. مەولوود باوەموراد وەک پانێڵیست، بە گرنگی و قووڵییەوە باسی لە چەمکی گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن کرد.
لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەدا، دوای بەشداریی کارای ئامادەبووان، سوپاسنامە و ڕێزنامە بەخشرایە بەشداربووانی پڕۆژەکە و حەوتەمین پەرتووکی بازنەی گفتوگۆ وەک دیاری بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرا.

