zagros news agency

هەولێر: یەکەمین دانیشتنی ‘ساڵۆنی بازرگانی’ بۆ بنیاتنانی ئابوورییەکی خۆراگر بەڕێوەچوو

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ٢٩ـی تەممووزی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و ئالبرێشت فۆن ڤیتکە، کونسوڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر، یەکەمین دانیشتنی (ساڵۆنی بازرگانی هەولێر) لەژێر ناونیشانی “بنیاتنانی ئابوورییەکی خۆراگر” بەڕێوەچوو.

لە ڕێورەسمەکەدا، کە بە هەماهەنگی نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، کونسوڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا و ڕێکخراوی گەشەپێدانی ئەڵمانی (GIZ) ڕێکخرابوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی حکومی، بریکاری وەزارەتی بازرگانی، پیاوانی کار و وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی ئامادەی بوون.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە گوتارێکدا تیشکی خستە سەر ستراتیژیەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕایگەیاند: “سوودوەرگرتن لە شارەزاییە نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەت ئەزموونی دەوڵەمەندی وڵاتی ئەڵمانیا، هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تەحەددییە ئابوورییەکان و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر بۆ گەنجان.”

پارێزگاری هەولێر هاوکات ستایشی ڕۆڵی کونسوڵخانەی ئەڵمانیا و ڕێکخراوی (GIZ)ی کرد بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەکانیان لە پڕۆژەکانی پەرەپێدان و ڕاهێنانی هێزی کار. ئاماژەی بەوەش کرد، گواستنەوەی تەکنەلۆژیا و ئەزموونی ئەوروپی بۆ ناوخۆ، کوالێتی بەرهەمەکانمان بەرز دەکاتەوە و توانای کێبڕکێی بازرگانانی هەرێم لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا زیاد دەکات.

ئامانجی سەرەکی ئەم دانیشتنە، دۆزینەوەی دەرفەتی نوێی وەبەرهێنان و ڕەخساندنی کارئاسانی بوو بۆ کەرتی تایبەت، تاوەکو بتوانێت وەک هاوبەشێکی سەرەکی لەگەڵ لایەنی ئەڵمانی ڕۆڵی کاریگەر لە گەشەپێدانی ئابووریدا بگێڕێت.

لە کۆتایی دانیشتنەکەدا، لەلایەن پسپۆڕان و شارەزایانی بوارەکەوە چەندین ڕاسپاردە پێشکەش کران، کە جەختیان لەسەر هاندانی کەرتی پیشەسازی و بازرگانی دەکردەوە، بە مەبەستی گەیشتن بە ئابوورییەکی سەربەخۆ و خۆراگر لە هەرێمی کوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار

پارەی ئەم توێژە خەرج دەکرێت

یاسین

شه‌پۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقە هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌وه‌

سەڵاح

سەرۆک بارزانی پێشوازی لە مستەفا کازمی دەکات

یاسین