ئەکتەری ئەمریکی جورج کلونی و ئەمەل کلونیی هاوژین، بەهۆی نزیکبوونەوەی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی فەرەنسا ناچار بوون ماڵەکەی خۆیان لە شاری بریگنۆل جێبهێڵن. گوتەبێژی ئەم ئەکتەرە ڕاستیی ڕووداوەکەی پشتڕاست کردەوە.
کلونی پەیامێکی ئاڕاستەی دیدیە بریمۆن سەرۆکی شارەوانی شاری بریگنۆل کرد و رایگەیاند، خێزانەکەی بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان شوێنەکەیان جێهێشتووە. کلونی ڕایگەیاند، خێزانەکەی تا ئێستا نازانن ئایا ماڵەکەیان لەبەرامبەر ئاگرەکەدا خۆڕاگر دەبێت یان نا و هیواشی بۆ سەلامەتی تەواوی دانیشتووانی شارەکە خواست.
ئەم ئەکتەرە جەختی لەوە کردەوە، ئەو و هاوژینەکەی بەردەوام بەڵێن دەدەن پشتیوانی شاری بریگنۆل بکەن و هاوکار دەبن لە هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە.
جورج کلونی لەگەڵ ئەمەل و 2 منداڵە دووانەکەی کە تەمەنیان 9 ساڵە بە شێوەیەکی بەردەوام لە کێڵگەکەی خۆیان لە فەرەنسا دەژین.
ئاگرکەوتنەوەکە بەشێکە لە شەپۆلێکی بەربڵاو کە ناوچەکانی ئیسپانیا و ئیتالیا و یۆنانیشی گرتووەتەوە. هەروەها جۆرجیا تۆفۆلۆ ئەستێرەی بەرنامەی تەلەڤزیۆنی ناچار بوو بەهۆی هەمان ئاگرکەوتنەوە پشووڕەقەکەی بپچڕێنێت و ناوچەکە بەجێبهێڵێت.

