zagros news agency

ترامپ: ڕەزامەندیمان نیشان نەداوە ئۆکرانیا مووشەکی پاتریۆت بەرهەم بهێنێت

 

دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، تا ئێستا واشنتن ڕەزامەندی نیشان نەداوە لەسەر ئەوەی مۆڵەت بە ئۆکرانیا بدات مووشەکی “پاتریۆت” لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا به‌رهه‌م بهێنێت، ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت ئەمریکا “زۆر بە وریایییەوە” مامەڵە لەگەڵ گواستنەوەی تەکنەلۆژیا سەربازییە پێشکەوتووەکان بکات.

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە هاوینەهەواری “کامپ دەیڤد”، ترامپ جەختی لەوە کردەوە کە گفتوگۆکان لەگەڵ کیێڤ بەردەوامن، بەڵام هێشتا بڕیاری کۆتایی نەدراوە. ئەم لێدوانانەی ترامپ لە کاتێکدایە کە پێشتر لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلینسکی لە تورکیا، ئاماژەی بە ئەگەری پێدانی مۆڵەتی بەرهەمهێنانی پاتریۆت بە ئۆکرانیا دابوو، بەڵام ئێستا پاشەکشە لەو بەڵێنەی دەکات.

ترامپ وتی: “ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە. سەرۆک زێلینسکی دەیەوێت پاتریۆت و مووشەکی تۆماهۆک-ی هەبێت، کە یەکێکیان بەرگرییە و ئەوی تریان هێرشبەرێکی کوشندەیە. پێویستە ئێمە بە حیکمەتەوە بڕیار بدەین و زۆر وریابین.”

سەرۆکی ئەمریکا نیگەرانی خۆی لە گواستنەوەی تەکنەلۆژیای مووشەکی پێشکەوتوو نەشاردەوە و وتی: “پێدانی ئەم جۆرە تەکنەلۆژیایە کارێکی قورسە و پێناچێت هەرگیز ڕوو بدات، چونکە ڕەنگە ئەو لایەنەی تەکنەلۆژیاکە وەردەگرێت، ڕۆژێک لە ڕۆژان دژی خۆت هەڵیبگێڕێتەوە.”

ئەم لێدوانانەی ترامپ لە کاتێکدایە کە ئۆکرانیا بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ڕووسیا، تووشی کەمییەکی زۆر لە مووشەکەکانی پاتریۆت بووە. سیستمی پاتریۆت تاکە چەکی ناو جبەخانەی ئۆکرانیایە کە توانای خستنەخوارەوەی مووشەکە بالیستییەکانی ڕووسیای هەبێت، هەر بۆیە کیێڤ مێژوویەکی درێژی هەیە لە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی “بەرهەمهێنانی هاوبەش” لە ناوخۆی وڵاتەکەیدا.

سەرەڕای دوودڵییەکانی ترامپ، بەرپرسانی ئۆکرانیا بەردەوامن لە فشارەکانیان. ئۆلگا ستیفانیشینا، باڵیۆزی ئۆکرانیا ڕایگەیاند کە ئەوان متمانەی تەواویان بە کۆمپانیای “لۆکهید مارتن” (بەرهەمهێنەری پاتریۆت) هەیە بۆ هاوکارییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی کۆمپانیاکە لەم هەفتەیەدا لەگەڵ زێلینسکی کۆبوونەتەوە و بڕیارە بەم زووانە شاندێکیان سەردانی ئۆکرانیا بکەن بۆ تاوتوێکردنی وردەکارییەکان.

 

رۆیته‌رز

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕۆیتەرز: ئێران دانوستانی ئاگربەستی لەگەڵ ئیسرائیل ڕەتکردووەتەوە

سەڵاح

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کەمێک پاشەکشەیان بەخۆوە بینی

سەڵاح

پەیامێکی سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

یاسین