عێراق لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵ پلەی یەکەمی لە ڕیزبەندی گەورەترین هاوردەکارانی میوەی ترشەمەنیی (الحمضيات) تورکیا بەدەست هێنا، دوای ئەوەی بەهای هاوردەکردنی گەیشتە ۳۵۷.۳ ملیۆن دۆلار، بەمەش پێگەی خۆی وەک گەورەترین بازاڕ بۆ هەناردەی ترشەمەنیی تورکیا پاراست.
داتاکانی کەرتی هەناردەکردنی تورکیا دیارییان کردووە کە کۆی هەناردەی ترشەمەنی لە ماوەی نێوان مانگی یەک تا شەشی ئەمساڵ ڕووی لە بەرزبوونەوە کردووە و گەیشتووەتە ۹۱۱.۰۳۵ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا ۵۱۸.۷۶۸ ملیۆن دۆلار بووە، هەروەها بڕی هەناردەکراو گەیشتووەتە ۸۰۷,۱۱۴ تۆن.
ڕووسیا بە بەهای ۲۳۵.۶ ملیۆن دۆلار لە پلەی دووەمدا هات، دوای ئەویش ئۆکرانیا، پۆڵەندا و ڕۆمانیا دەستنیشان کران، ئەمەش ئاماژەیە بۆ فراوانبوونی داواکاری لەسەر ترشەمەنیی تورکیا لە بازاڕە دەرەکییەکاندا، بە بەردەوامبوونی عێراق لە پێشەنگیدا.
کەمال کاچماز، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی ترشەمەنی لە تورکیا جەختی کردەوە کە میوەی ترشەمەنی لە دیارترین بەرهەمە کشتوکاڵییە هەناردەکراوەکان ئەژمار دەکرێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە باشتربوونی کوالیتیی بەرهەمهێنان و بەستەبەندکردن هاوکار بووە لە بەهێزکردنی توانای کێبڕکێی هەناردەکردن، بەتایبەتی لە بازاڕی عێراقدا کە بەردەوام بووە لە هاوردەکردنی گەورەترین پشک.
کاچماز ئەوەشی زیادرکرد کە پێشبینییەکان ئاماژە بە وەرزێکی باشی بەرهەمهێنان دەکەن لەگەڵ دەستپێکی مانگی ئەیلوول، بەمەرجێک مەرجە کەشوهەواییەکان کاریگەریی نەرێنی لەسەر بەرهەمەکان دروست نەکەن.

