هەفتەی ڕابردوو ئیسرائیل تونێلێکی حیزبوڵڵای لوبنانی بە ٧٠٠ تۆن تەقەمەنی تەقاندەوە. ئەمڕۆ سێشەممە، ٤ی ئاب، نوێنەرانی حکوومەتی ئیسرائیل و حکوومەتی لوبنان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا، خولی حەوتەمی گفتوگۆ ڕاستەوخۆکانیان دەست پێ کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی “تایمز ئۆف ئیسرائیل”، شاندی ئیسرائیلی ئەفسەرانی سوپای ئەم وڵاتەی تێدایە. سەرچاوە حکوومەتییەکانی لوبنان گوتیان تونێلە ژێرزەوییەکانی حیزبوڵڵا یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکان دەبێت. هاوکات سوپای لوبنان وێنەی کۆمەڵێک چەکی بڵاو کردەوە کە لەسەر سنووری سووریا دەستیان بەسەردا گرتووە. ئەم هەنگاوە وەک نیشاندانی جددییەتی سوپا بۆ چەککردنی حیزبوڵڵا و فشارخستنە سەر ئیسرائیل بۆ کشانەوە لە باشووری لوبنان لێک دەدرێتەوە.
سوپای لوبنان ڕایگەیاند دەستی بەسەر موشەکی “گراد ١٢٢ ملم”دا گرتووە کە لە سووریاوە قاچاخ کرابوون. لە بەرانبەردا، نەعیم قاسم، ڕێبەری حیزبوڵڵای لوبنان، ئەم دانوستانانەی بە “شەرمەزاری و تەسلیمبوون” ناو برد. ناوبراو لە گوتارێکی تەلەڤزیۆنیدا هێرشی کردە سەر جۆزێف عۆن، سەرۆک کۆماری لوبنان و گوتی ئەو وەک کەسایەتییەکی یەکخەرەوە ڕەفتاری نەکردووە و لایەنگریی کردووە.
ئەم دانوستانانە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێن کە سوپای ئیسرائیل لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانی تێکدانی ئەنجام دا. ئاژانسی هەواڵی فەرمیی لوبنان ڕایگەیاند ئیسرائیل تونێلێکی حیزبوڵڵای لە ناوچەی قەڵای مێژوویی بۆفۆر تەقاندووەتەوە. لەم تەقینەوەیەدا ٧٠٠ تۆن تەقەمەنی بەکار هاتووە و ناوچەیەک بە درێژایی ١٢٠٠ مەتر وێران بووە، بەڵام زیان بە قەڵاکە نەگەیشتووە.
نیکۆلاس بڵێنفۆرد، پسپۆڕی کاروباری لوبنان لە “ئەنجومەنی ئەتڵەنتیک” گوتی ئەم تونێلانە بەشێکی زۆر گرنگی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵان و ڕێگە بە چەکدارەکان دەدەن بەبێ بینین هاتوچۆ بکەن.
دانوستانە سیاسییەکانی ئیسرائیل و لوبنان لە نێوەڕاستی مانگی نیسانەوە بە ناوبژیوانیی ئەمریکا دەستیان پێ کردووەتەوە. هەرچەندە ئاگربەست ڕاگەیەندراوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل هێشتا لە باشووری لوبنان ماوەتەوە. ئیسرائیل کشانەوەی خۆی بە چەککردنی حیزبوڵڵا بەستووەتەوە و حیزبوڵڵاش چەکدانانەکەی بە کشانەوەی ئیسرائیل مەرجدار کردووە. حکوومەتی لوبنانیش بەهۆی لاوازیی سوپا و ترسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی، توانایەکی سنوورداری بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکارییانە هەیە.

