ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، لە شاری عەممانی پایتەختی ئوردن بەشداری لە کۆبوونەوەی ئالیەتی هاوکاریی سێقۆڵیی نێوان عێراق، ئوردن و میسر کرد، پێش بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی وەزاریی عەرەبی لەبارەی قودس.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا کە بە بەشداریی ئەیەن سەفەدی، وەزیری دەرەوەی ئوردن و بەدر عەبدولعاتی وەزیری دەرەوەی میسر بەڕێوەچوو، تاوتوێی جێبەجێکردنی پڕۆژە هاوبەشەکان لە بواری ئابووری، وەبەرهێنان، پیشەسازی و وزە کرا.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی هەرسێ وڵات تاوتوێی پڕۆژەکانی نەوت و بەستنەوەی تۆڕی کارەباییان کرد بە مەبەستی بەدیهێنانی ئاسایشی وزە و تەواوکاریی ئابووری لە نێوانیاندا.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبووان بەدوادەچوونیان بۆ دواین پێشهاتەکانی ناوچەکە کرد، بەتایبەتی ئاڵۆزییەکانی تایبەت بە “گەرووی هورمز”. هەرسێ وڵات پێشوازییان لە هەوڵەکان کرد بۆ بڵاوکردنەوەی هێوربوونەوە و کردنەوەی گەرووەکە لە خێراترین کاتدا، هاوکات جەختیان لەسەر پێویستیی ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکان، کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پەنابردن بۆ دیالۆگ و ڕێگەچاره دیپلۆماسییەکان کردەوە.

