لێکۆڵینەوەیەکی نوێی ئاژانسی “ئەسۆشییەتد پرێس” ئاشکرای دەکات، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە خولی دووەمی سەرۆکایەتیدا، دەیان کەس لە خزمە پلە یەکەکانی (دایک، باوک و هاوسەر) ئەو سەربازانەی ئێستا لە ناو سوپای ئەمریکادان دەستگیر کردووە. ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە کارنامەی “دیپۆرتکردنەوەی بەکۆمەڵ” و هەڵوەشاندنەوەی ئەو پارێزبەندییە مێژووییە دێت کە بۆ خێزانی سەربازان هەبوو.
بەپێی لێکۆڵینەوەکە، لەو کاتەوەی ترەمپ دەسەڵاتی گرتۆتەوە دەست، لانی کەم 51 دایک، باوک و هاوسەری سەربازانی كە چالاکن و لە خزمەتی سەربازی دا، دەستگیرکراون. لەو ژمارەیەش لانی کەم شەش کەسیان دیپۆرت کراونەتەوە و هەشت کەسی تریش تا ئێستا لە زیندانەکاندا ماونەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە حکومەتی ئەمریکا بە فەرمی ئاماری ئەم جۆرە دەستگیرکردنانە بڵاوناکاتەوە.
پسپۆڕانی سەربازی هۆشداری دەدەن کە ئەم سیاسەتە دەبێتە هۆی تێکدانی “ئامادەیی سەربازی” ئەمریکا، بەتایبەت لە کاتێکدا وڵاتەکە لە شەڕدایە لەگەڵ ئێران. دەستگیرکردنی خێزانەکان وای کردووە سەربازان لە ڕووی دەروونییەوە دابڕمێن، کێشەی چاودێریکردنی منداڵەکانیان بۆ دروست بێت و تەنانەت هەندێکیان ناچار بوون مۆڵەتی بێپایان وەربگرن یان گەشتە سەربازییەکانیان دوابخەن.
سێرجەنت هێدار لیۆنێل تۆرچیۆس، کە لە بنکەی “فۆرت بڵیس” لە تەکساس خزمەت دەکات، دەڵێت: “چۆن دەتوانم سەرنجم لەسەر کارە سەربازییەکەم بێت، لە کاتێکدا هاوسەرەکەم لەبەردەم کچە شەش ساڵانەکەمدا دەستگیرکراوە و دەبێت خەمی ئەوم بێت؟”
بۆ چەندین دەیەیە، بەپێی ڕێککەوتنی هەردوو حزبی کۆماری و دیموکرات، خێزانی سەربازان لە دیپۆرتکردنەوە دەپارێزران تاوەکو سەربازەکان بتوانن سەرنجیان لەسەر پاراستنی وڵات بێت. بەڵام سیاسەتێکی نوێ کە لە نیسانی 2025ەوە جێبەجێ کراوە، دەڵێت: “خزمەتی سەربازی بە تەنها نابێتە هۆی بەخشین لە سزای پێشێلکردنی یاساکانی کۆچبەری.”
مارگریت ستۆک، پارێزەری کۆچبەری و عەقیدێکی خانەنشینی سوپا، دەڵێت: “ئەمە وەک ئەوە وایە خزمەتگوزاری تەندروستی یان نیشتەجێبوون بۆ سەربازەکان دابین نەکەیت؛ ئەگەر خەمی خێزانەکانیان بێت، ئیتر ناتوانن کارەکەیان بەباشی ئەنجام بدەن.”
یەکێک لە خاڵەی جێگەی سەرنجەکانە، ئەوەیە کە نووسینگەکانی وەرگرتنی سەرباز هێشتا “ئاسانکاری کۆچبەری بۆ خێزانەکان” وەک ئیمتیازێک بەکاردەهێنن بۆ ڕاکێشانی گەنجان بۆ ناو سوپا. سوپای ئەمریکا و پاسەوانی نیشتمانی هێشتا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بە بون بە سەرباز، دەتوانیت یارمەتی دایک و باوکت بدەیت ناسنامەی یاسایی وەربگرن.
وەزارەتی ئاسایشی ناوخۆ (DHS) لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە کە ئەوان ڕێز لە خزمەتی سەربازی دەگرن، بەڵام جەختیان کردۆتەوە کە “خزمەتی سەربازی بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی مافی مانەوەی یاسایی بە کەس نابەخشێت.” لە بەرامبەردا، پێنتاگۆن ئامادە نەبووە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەم ڕاپۆرتەی ئەسۆشییەتد پرێس بدات.
ئەم دۆخە نەک هەر کاریگەری لەسەر سەربازانی ئێستا، بەڵکو کاریگەری لەسەر ڤێتەرانەکانیش (سەربازە خانەنشینەکان) هەبووە؛ بەپێی ئامارەکان، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 125 ڤێتەران دەستگیرکراون و زیاتر لە 150 کەس لە خێزانەکانیان ڕووبەڕووی ڕێکاری یاسایی بوونەتەوە.
سەرچاوە: ئاژانسی ئەسۆشییەتد پرێس (AP)

