zagros news agency

لە هێرشێکی حووسییەکاندا بۆ سەر سعوودیە ١١ مەدەنی بریندار بوون و ریاز هۆشداری لە مەترسییەکی گەورە دەدات

 

لە ئەنجامی هێرشێکی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ناوچەکانی باشووری عەرەبستانی سعوودی، ١١ کەس بریندار بوون. هاوکات شانشینی سعوودیە هۆشداری دەدات کە مەترسی هێرشی هاوبەش و هەماهەنگکراو لەلایەن حووسییەکان و میلیشیاکانی عێراقەوە لە ئارادایە.

لیوا تورکی ئەلمالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە رێبەرایەتی سعوودیە، رایگەیاند کە هێرشەکە کراوەتە سەر پارێزگای “نەجران” لە باشووری وڵات. لە ئەنجامدا ١١ کەس بریندار بوون کە پێکهاتوون لە: ٧ سعوودی، یەک یەمەنی، دوو میسری و هاووڵاتییەکی پاکستانی. لە نێو بریندارەکاندا منداڵێکی تەمەن ٤ ساڵ هەیە کە تووشی سووتانی پلە دوو بووە.

ئەلمالیکی حووسییەکانی تۆمەتبار کرد بەوەی بە شێوەیەکی هەڕەمەکی ناوچە مەدەنییەکانیان بۆردومان کردووە و یاسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێل کردووە، جەختیشی کردەوە کە هاوپەیمانییەکە هەموو رێکارێکی پێویست بۆ پاراستنی مەدەنییەکان دەگرێتە بەر.

بەرپرسێکی باڵای سعوودیە بە مەرجی ئاشكرانه‌كردنی ناوی رایگەیاند، زانیارییە هەواڵگرییەکانی سعوودیە، ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە حووسییەکان و میلیشیاکانی عێراق بە سەرپەرشتی سوپای پاسدارانی ئێران، پلان بۆ هێرشی هاوبەش دادەنێن. ئامانجی ئەم هێرشانە ژێرخانی وزە، بەندەر و فڕۆکەخانەکانە لە ناوخۆی سعوودیە.

ئەم بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم پلانانە لەوانەیە بۆ تێکدانی ئەو هەوڵە دیپلۆماسییانە بێت کە بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ تاران دەستیان پێکردووە.

لە وەڵامی ئەم هەڕەشانەدا، بڕیارە ئه‌مڕۆ هەینی سعوودیە، تورکیا و پاکستان رێککەوتنامەیەکی بەرگری و ئەمنی واژۆ بکەن. شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان رۆژی پێنجشەممە گەیشتە سعوودیە و بڕیاریشە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ئه‌مڕۆ هەینی بگاتە ریاز بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە.

ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە کە شەڕی پێنج مانگەی نێوان ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێران کاریگەری قووڵی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە دروست کردووە. حووسییەکان جگە لە هێرشە وشکانییەکان، گەرووی دەریای سووریشیان گەمارۆ داوە کە بووەتە هۆی پەکخستنی هەناردەی نەوتی سعوودیە.

لە لایەکی دیکەوە، حووسییەکان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر فڕۆکەخانەی نەجرانیان گرتە ئەستۆ و رایانگەیاند کە لە هێرشێکی دیکەدا لە پارێزگاکانی مأرب و حەزرەمەوت لە یەمەن، زیاتر لە ٣٠ سەربازی حکومەتی یەمەنیان کوشتووە.

جێی ئاماژەیە، لە ٢٩ی تەمموزدا سعوودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (CENTCOM) هێرشی کردە سەر گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوخۆی عێراق، دوای ئەوەی ئەو گروپانە تۆمەتبار کران بە هێرشی درۆن بۆ سەر کێڵگە نەوتییەکانی سعوودیە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

وەزیری دەرەوەی سووریا: دیمەشق دەست لە کاروباری لوبنان وەرنادات

یاسین

راگه‌یاندراوێك له‌ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ بۆ رای گشتی

سەڵاح

به‌وێنه‌… پابەندبوونی دانیشتوانی پایتەختی هەرێمی کوردستان بە قەدەغەی هاتوچۆ و بەشداریکردن لە سەرژمێریی گشتی

سەڵاح