ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا، ڕۆژی هەینی ڕەزامەندی لەسەر دامەزراندنی دەیان کاندیدی پێشنیارکراو بۆ چەندین پۆستی حکومی لەلایەن سەرۆک دۆناڵد ترەمپەوە دا، لەوانەش چەندین باڵیۆز و بەرپرسی باڵا لە وەزارەتی دەرەوە کە پۆستەکانیان بۆ ماوەی چەندین مانگ بە بەتاڵی مابووەوە.
لیستە پەسەندکراوەکە ناوی ١١ باڵیۆزی تێدایە، لە نێوانیاندا باڵیۆزانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی ئوسترالیا، نەرویج و بەڕازیل، جگە لە پێنج کاندیدی دیکە کە پلەی باڵیۆزیان پێدراوە. سەرەڕای ئەم هەنگاوە، هێشتا زیاتر لە ١٠٠ پۆستی دیپلۆماسی بە بەتاڵی ماونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی ترەمپ پێچەوانەی نەریتی سیاسی باو، دەیان دیپلۆماتی دێرینی بانگهێشت کردەوە کە لەلایەن جۆ بایدن سهرۆكی پێشووی ئهمهریكاوه دەستنیشان کرابوون.
ئەنجوومەنی پیران بە کۆی ٥١ دەنگی ڕازی بەرامبەر ٤٧ دەنگی ناڕازی، لیستێکی پێک هاتوو لە ٧٤ کاندیدی پەسەند کرد. دەنگدانەکە بەتەواوی ڕەنگدانەوەی ململانێی حزبی بوو؛ کۆمارییەکان پشتگیرییان لێکرد و دیموکراتەکان و سەربەخۆکانیش دژی وەستانەوە.
هاوکات لیستەکە ناوی شەش کاندیدی بۆ پۆستی یاریدەدەری وەزیری دەرەوە لەخۆگرتووە، کە بەرپرسە باڵاکانی وەزارەتی دەرەوە دەبن بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوروپا و نیوەگۆی ڕۆژئاوا. ئەم پۆستە سەرەکییانە لە دوای گەڕانەوەی ترەمپ بۆ کۆشکی سپی، تەنها بە شێوەی کاتی و بەوەکالەت بەڕێوە دەبردران.

