zagros news agency

شێرپەنجەکەی جۆ بایدن سەرۆکی پێشووی ئەمریکا تەشەنەی کردووە و بەدەست ئازارێکی زۆرەوە دەناڵێنێت

 

هانتەر بایدن، کوڕی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە نەخۆشیی شێرپەنجەی پرۆستاتی جۆ بایدنی باوکی، تەشەنەی کردووە بۆ بەشەکانی دیکەی جەستەی و بووەتە هۆی دروستکردنی ئازارێکی زۆر بۆی، سەرەڕای ئەوەش هێشتا بەردەوامە لە دەرکەوتن و قسەکردن لەسەر پرسە گشتییەکان.

هانتەر بایدن لە چاوپێکەوتنێکی فراواندا لەگەڵ کەناڵی (BBC) کە درەنگانی شەوی هەینی بڵاوکرایەوە، بە هەستێکی پڕ لە خەمەوە باسی لە تێکچوونی دۆخی تەندروستی باوکی کرد و وتی: “شێرپەنجەکە تەشەنەی کردووە و گەیشتووەتە ناو ئێسکەکانی و شوێنانی تریش، ئەم دۆخە زۆر بەئازارە و لە زۆر ڕووەوە تواناکانی لاواز کردووە.”

جۆ بایدن کە تەمەنی ٨٣ ساڵە، بەتەمەنترین سەرۆک بووە لە مێژووی ئەمریکادا. لە ماوەی چوار ساڵی سەرۆکایەتییەکەیدا، تەمەن و باری تەندروستیی هەمیشە جێگەی نیگەرانی بووە.

ئەو و ڕاوێژکارەکانی کۆشکی سپی ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند بوونەتەوە بەهۆی ئەوەی تۆمەتبار دەکرێن بە شاردنەوەی ڕاستییەکانی دۆخی تەندروستی، بەتایبەت دوای ئەوەی ناچار بوو لە کێبڕکێی هەڵبژاردنەکان بکشێتەوە بەهۆی شکستی لە دیبەیتەکەیدا بەرامبەر دۆناڵد ترەمپ.

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە مانگی ئایاری ساڵی ڕابردوودا (٢٠٢٥)، تەنها چوار مانگ دوای بەجێهێشتنی کۆشکی سپی، تووشبوونی خۆی بە نەخۆشی شێرپەنجە ئاشکرا کرد.

هانتەر ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم دەستنیشانکردنە بۆ خێزانەکەیان زۆر سەخت بووە و وتی: “زۆر خەمناکە کاتێک سەیری دەکەیت. تەنها شتێک کە دەربارەی تەندروستی باوکم بیڵێم ئەوەیە هیوادارم زیاتر سکاڵا لە ئازارەکانی بکات، چونکە بێدەنگبوونی بەرامبەر ئازار کارێکی باش نییە.”

لەگەڵ ئەوەشدا، هانتەر جەختی کردەوە کە باوکی هێشتا کۆڵنەدەره و بەردەوامە لە قسەکردن لەسەر ئەو پرسانەی بۆی گرنگن، وتیشی: “ئەو هێشتا لەسەر کارەکانی بەردەوامە، چونکە بڕوایەکی قووڵی بەم وڵاتە هەیە.”

بڕیارە جۆ بایدن دوای هەڵبژاردنە نیوەییەکان، کتێبێکی یادەوەری بە ناوی “بەڵێنم پێ بدە، ئەمریکا” (Promise Me, America) بڵاو بکاتەوە.

 

AP

 

هەواڵی پەیوەندیدار

کەشناسی : ئەگەری لێزمە باران و هەورە تریشقە هەیە

سەڵاح

عێراق دەستتێوەردانی دەرەکی لە پێکهێنانی حکوومەتدا ڕەتدەکاتەوە

سەڵاح

نرخى نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەى تۆمار کرد

سەڵاح