لە هەولێر پێشانگەیەکی تایبەتی هونەریی خۆشنووسی بۆ هونەرمەند غەفار قەنبەربوور لەژێر ناونیشانی “سەرچاوە” کرایەوە.
پێشانگەکە رۆژی شەممە، ٨ی ئابی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، شوان محەمەد تەها، بەرپرسی لقی 26ـی پ.د.ک، ئاریان سەلاحەدین، بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە هونەرمەندان، خۆشنووسان و کۆمەڵێک لە گەنجان بەڕێوەچوو.
پێشانگەکە لە پەیمانگەی ناوەندی ڕۆشنبیریی گەنجانی بەڕێوەچوو، تێیدا کۆمەڵێک بەرهەمی ناوازەی خۆشنووسیی هونەرمەند خرانەڕوو.
پێشانگەکە بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ (لە ٨ی ئاب تاوەکو ١٢ی ئابی ٢٠٢٦) بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە لە کاتژمێر ۱۰ی بەیانی تاوەکو ۱۱ی شەو دەرگای بۆ هەموو ئارەزوومەندان و سەردانیکەران کراوە دەبێت.
لە پەراوێزی کردنەوەی پێشانگەکەدا، د. سالار عوسمان بەشەکانی پەیمانگەی ناوەندی ڕۆشنبیریی گەنجانی بەسەرکردەوە و لە نزیکەوە بەڕێوەچوونی چالاکی و بەرنامە ڕۆشنبیرییەکانی ناوەندەکەی بینی ودەستخۆشی لێکردن، کە ئامانجیان پشتگیریکردنی بەهرە و تواناکانی گەنجانە.

