zagros news agency

خانەقین ئامادەکاری بۆ یەکەمین فێستیڤاڵی خورما و هونەرە میللییەکان دەکات

 

خانەقین لە پارێزگای دیالە خۆی بۆ سازکردنی یەکەمین فێستیڤاڵی خورما و هونەرە میللییەکان ئامادە دەکات، کە چالاکییەکەی رەهەندی بازرگانی، گەشتیاری و کولتووری لەخۆدەگرێت.

 

حوسامەدین ئاغا، سەرۆکی لێژنەی باڵای سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە و ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ماڵی رۆشنبیریی شەهید سەلام، بە ئاژانسی شەفەق نیوز-ی راگەیاند: ماڵەکە سەرجەم ئامادەکارییەکانی فێستیڤاڵەکەی تەواو کردووە و چالاکییەکان بۆ ماوەی 3 رۆژ، لە 9 تا 11ـی تشرینی یەکەم لە کۆرنیشی نوێی خانقین بەڕێوەدەچن.

 

ئەم فێستیڤاڵە بە بەشداریی نزیکەی 50 کەس و نمایشکردنی زیاتر لە 300 جۆری خورما بەڕێوەدەچێت. بەشداربووان خاوەن باخەکانی ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دیالەن.

 

ئاغا گوتی: “لە چالاکییەکەدا خاوەن پیشە دەستییەکان و بەرهەمە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان-یش بەشدار دەبن، بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕی کولتووری و بازرگانی، لەگەڵ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان خانقین و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و هەرێمی کوردستان.”

 

فێستیڤاڵەکە تەنیا لایەنی بازرگانی لەخۆناگرێت، بەڵکو بەرنامەیەکی هونەری و کولتووریی هەمەجۆریشی دەبێت. لەو چالاکییانەدا گرووپی ناوەندی گەنجانی خانقین و چەندین گۆرانیبێژ و هونەرمەندی ناوخۆیی بەشدار دەبن. هاوکات تیپی هونەرە میللییەکانی سلێمانی و تیپی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند تیپێکی دیکەی سلێمانی تێیدا ئامادە دەبن.

 

سەبارەت بە هونەری شێوەکاری، ئاغا ئاشکرایکرد: ژمارەیەک هونەرمەندی شێوەکار لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق لەوانە هەرێمی کوردستان، بەغدا، بەسڕە، کەربەلا، نەجەف، ئەنبار و موسڵ لە رێگەی سیمپۆزیۆمێکی هونەرییەوە بەشدار دەبن، کە تایبەت دەبێت بە کێشان و بەڵگەدارکردنی سروشت و جوانییەکانی خانقین.

 

سەرۆکی لێژنەی باڵای فێستیڤاڵەکە جەختیکردەوە: هەڵبژاردنی کۆرنیشی نوێی خانقین وەک شوێنی فێستیڤاڵەکە، هاوکات دەبێتە کردنەوەی فەرمیی کۆرنیشەکە تا ببێتە ناوەندێک بۆ لەئامێزگرتنی چالاکییە کولتووری، هونەری و گەشتیارییەکانی شارەکە، هاوکات خانقین وەک نموونەی پێکەوەژیان و پردی پەیوەندیی نێوان سەرجەم ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان پێشان بدات.

هەواڵی پەیوەندیدار

داهاتی فیلمی “The Beekeeper” لە سینەماکاندا

ART

رێوڕەسمێك بۆ بڵاوكردنەوەی كتێبی (دیاسپۆرا و نیشتمان) بەڕێوەچوو

ART

بەڵگەفیلمێک دۆسییەی کوشتنی 30 ساڵ لەمەوبەری چارەسەر کرد

ART