بەپێی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکان، هێزەکانی دژەتیرۆری عێراق لە پارێزگای بابل ئۆپراسیۆنێکی ئەمنییان ئەنجامداوە و تێیدا دەستیان بەسەر ژمارەیەک چەک و دڕۆندا گرتووە، ھاوکات سێ کەسیشیان لەسەر هەمان کەیس دەستگیرکردووە.
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو کەسە دەستگیرکراوانە نیازیان هەبووە ئەو دڕۆنانە بۆ ئەنجامدانی هێرش لەناو خاکی شانشینی عەرەبیی سعودییە بەکاربهێنن، بەڵام پێش جێبەجێکردنی نەخشەکەیان لەلایەن هێزەکانی دژەتیرۆرەوە پلانەکەیان ئاشکرا کراوە و دەستگیرکراون.
ئەم ئۆپراسیۆنەی هێزە ئەمنییەکان لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی بەغدایە بۆ ڕێگری لە بەکارهێنانی خاکی عێراق بۆ پەلاماردانی وڵاتانی دراوسێ و کۆنتڕۆڵکردنی جموجۆڵی چەکداری نایاسایی لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری وڵاتدا.

