کارەکانی پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) هاوشان لەگەڵ هەردوو تونێلی (میراوە و ماوەران) قۆناغی زۆر باشیان بڕیوە و لە ئێستادا لە قۆناغی کۆتایی جێبەجێکردندان، بڕیاریشە لە ئایندیەکی نزیکدا بکەونە خزمەت هاونیشتمانیان.
ئەم پڕۆژەیە کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی ڕێگاوبان، جگە لە کورتکردنەوەی ماوەی گەشتکردن و دووری نێوان دەڤەرەکان، ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی هاتووچۆ و پاراستنی سەلامەتی شۆفێران لەو ناوچەیەدا.
بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژە گرنگە، چاوەڕوان دەکرێت گۆڕانکارییەکی گەورە لە ژێرخانی ئابووری ناوچەکە ڕووبدات، بەتایبەت لە بوژانەوەی زیاتری کەرتی گەشتوگوزار و ئاسانکاری بۆ جموجۆڵە بازرگانییەکان، کە ئەمەش سوودێکی زۆر بە دانیشتووانی ناوچەکە و گەشتیاران دەگەیەنێت.
جێبەجێکردنی تونێلەکانی میراوە و ماوەران بەشێکی سەرەکی ئەم پڕۆژەیەن کە ئاستەنگییە سەختەکانی هاتووچۆ لەو ناوچە شاخاوییانەدا کەمدەکەنەوە و سیمایەکی مۆدێرن بە تۆڕی ڕێگاوبانی هەرێمی کوردستان دەبەخشن.

