گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماری هەشت مانگی رابردووی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە و خنکانی راگەیاند، زیاتر لە 2320 رووداوی ئاگرکەوتنەوە تۆمارکراون و شەش کەسیش خنکاون، لەگەڵ رزگارکردنی دەیان هاووڵاتیی دیکە لە رووداوی جیاجیادا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 1ـی ئەیلوولی 2026، بژار سەفەر، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک، راگەیاند، لە 1ـی کانوونی دووەمی 2026 تاوەکو 31ـی ئابی 2026، 2320 رووداوی جیاوازی ئاگرکەوتنەوە لە سنووری پارێزگاکە تۆمارکراون. هەروەها باسی لەوە کرد، بەداخەوە بەو هۆیەوە 15 کەس برینداربوون.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی دهۆک ئاماژەی بەوە دا، لە هەمان ماوەدا شەش کەس لەناو ئاو و مەلەوانگەکاندا خنکاون. لەگەڵ ئەوەشدا تیمەکانی مەلەوانی توانیویانە پێنج کەسی دیکە لە مەترسیی خنکان و ئاگرکەوتنەوە رزگار بکەن.
هەر بەپێی ئامارەکان، تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانیویانە 35 کەس لە ناوچە شاخاوییەکان لەناو بەفردا رزگار بکەن، دوای ئەوەی ئاسێ مابوون و نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە.
پارێزگای دهۆک بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و بوونی چەندین رووبار و ناوچەی گەشتیاریی وەک زێی گەورە و خابوور، ساڵانە لە وەرزی هاویندا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار رووی تێدەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی رووداوەکانی خنکان، بەتایبەتی لەو ناوچانەی مەلەکردنیان تێدا قەدەخەیە.
لە لایەکی دیکەوە بەهۆی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، ساڵانە لە وەرزی هاویندا رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە دارستان و پووش و پاوانەکان زیاد دەکەن و زیانێکی زۆری ژینگەیی و مادی بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
هاوکات لە وەرزی زستاندا بەهۆی بارینی بەفرێکی زۆر لە ناوچە شاخاوییەکان، چەندین رووداوی ئاسێبوون روودەدەن. تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوام هۆشداری دەدەنە هاووڵاتییان پابەندی رێنماییەکان بن بۆ کەمکردنەوەی زیانە گیانی و مادییەکان.

