zagros news agency

دادوەریی عێراق لێکۆڵینەوە لەگەڵ نزیکەی شەش هەزار چەکداری داعشی گوازراوە لە سووریاوە تەواو دەکات

 

دادگای لێکۆڵینەوەی یەکەمی کەرخ، سەر بە ئەنجومەنی دادوەریی باڵا، ئەمڕۆ تەواوبوونی قۆناغی لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی ٥۷۰۴ تۆمەتباری سەر بە ڕێکخراوی داعشی گوازراوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە بۆ عێراق ڕاگەیاند. دادگاکە جەختی کردەوە لە دەستپێکردنی قۆناغی دادگاییکردن و ڕەوانەکردنیان بۆ دادگای تایبەتمەند، بەپێی بەڵگە و بەڵگەنامە کۆکراوەکانی سەر هەر کەسێکیان.

ماوەی لێکۆڵینەوە و ڕەگەزنامەی تۆمەتباران:
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی ناوەندی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی دادوەریی باڵا، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لە شوباتی ۲۰۲٦ـەوە دەستیان پێکردووە و تا تەواوبوونی گشت دۆسیەکان بەردەوام بوون.
تۆمەتباران هەڵگری ٦۷ ڕەگەزنامەی جیاوازن (۱٦ عەرەبی، ۱۹ لە وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا، و ۳۲ ئەوروپی و ئاسیایی و بیانیی دیکە)، کە لە نێویاندا ۴۷۴ عێراقی و ۳۴۹۷ سووری هەن.

پلەدار و چەکدارە مەترسیدارەکان:
لێکۆڵینەوەکان بوونە هۆی ئاشکراکردنی چەندین چەکداری زۆر مەترسیدار و سەرکردەی ڕیزی یەکەم کە بەرپرسیارێتیی ڕێکخراوەیی، ئەمنی، سەربازی، ڕاگەیاندن، دارایی و لوجستییان هەبووە.
شش تۆمەتبار دەستنیشانکراون کە ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە تاوانەکانی کەنیزەکردن، دەستبەسەرکردن و مامەڵەکردن بە ژنانی ئێزدییەوە هەبووە.

لەیەک جیاکردنەوە و ڕادەستکردنەوەی دەستبەسەرکراوان:
ئازادکردن و ڕادەستکردنەوە: دوو دەستبەسەرکراو (فینلەندییەک و ئەمریکییەک) ڕادەستی دەسەڵاتدارانی وڵاتەکانیان کراونەتەوە، و حەوت عێراقی لەبەر نەبوونی بەڵگە ئازاد کراون.
دەستبەسەرکراوانی سووریا: ڕێکارەکانی ڕادەستکردنەوەی ۴٥۷ دەستبەسەرکراوی سووری بە لایەنی سووری تەواو کراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی سووریا لە بەغدا.
نەوجەوانان: ڕێڕەوێکی سەربەخۆ بۆ کەسانی نەوجەوان دیاری کراوە.

هەماهەنگیی تەکنیکی و ضمانەتی یاسایی:
ڕێکارەکانی لێکۆڵینەوە بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی نیشتمانی بۆ هاوکاریی دادوەریی نێودەوڵەتی و بە بەشداریی ستافەکانی وەزارەتی ناوخۆ، وەزارەتی داد، دەزگای هەواڵگری، ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگریی سەربازی بەڕێوەچوون، لەگەڵ تۆمارکردنی زانیارییە بایۆمەترییەکان لە زیندانی ناوەندیی کەرخ.
گشت زامنییە یاسایی و مرۆییەکان دابین کراون؛ لەوانە دیاریکردنی پارێزەر بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکای پارێزەران، دابینکردنی چاودێریی تەندروستی، و ڕێگەدان بە بەسەرکردنەوەیان لەلایەن لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و نێردە دیپلۆماسییەکان.
هۆڵێکی دادگاییکردنی دووربەدوور (عن بُعد) بە تۆڕی تەلەڤزیۆنیی داخراو بۆ تۆمەتبارانی زۆر مەترسیدار ئامادە کراوە تاوەکو مەترسییەکانی گواستنەوەیان کەم بێتەوە.
ڕەوانەکردنی تۆمەتباران بۆ دادگای تاوانەکان بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ دەبێت، بەپێی یاسا بەرکارەکان و لە پێشەوەیاندا یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ژمارە (۱۳)ی ساڵی ۲۰۰٥.

هەواڵی پەیوەندیدار

ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق 500 ملیار دینار بۆ شایستەی جووتیاران تەرخان دەکات

یاسین

سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى پيرۆزبايى له‌ كاكه‌يييەکان ده‌كات

یاسین

بەرپرسێكی پێشووی  ئه‌مه‌ریكا: سه‌ردانی پوتین بۆ كۆریای باكوور گه‌وره‌ترین مه‌ترسیه‌

سەڵاح