فیلمی سینەمایی “بەهەشت نییە ئەگەر ئافرەتێک بتکوژێت” لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد، هەڵکەوت مستەفا، لە هەڵسەنگاندنێکدا و بەپێی دەنگی بینەران لە ماڵپەڕی جیهانیی ئای ئێم دی بی (IMDb)، فیلمەکە توانی نمرەی بەرزی 9 لەسەر 10 بەدەستبهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە، کۆمیسیۆنی نیشتمانیی عێراقی بۆ هەڵبژاردنی فیلمی نوێنەری عێراق لە خەڵاتەکانی ئۆسکار کە لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری و فەرمانگەی سینەما و شانۆوە ڕاسپێردراوە، بە کۆدەنگی ئەندامانی بڕیاریدا بە هەڵبژاردنی ئەم فیلمە بۆ ئەوەی بە فەرمی نوێنەرایەتی عێراق بکات لە 97ـەمین ڕێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاردا بۆ کێبڕکێکردن لەسەر خەڵاتی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی.
ئەمە دووەم جارە فیلمێکی هەڵکەوت مستەفا بۆ نوێنەرایەتیکردنی عێراق لە ئۆسکار دەستنیشان دەکرێت، دوای ئەوەی پێشتریش فیلمی “کلاسیکۆ”ـی هەڵبژێردرابوو. هەروەها پێشتر بە بەڵگەفیلمی “شاردنەوەی سەدام حوسێن” دەنگدانەوەیەکی بەرفراوانی جیهانیی دروستکردبوو.
ڕووداوەکانی فیلمەکە—کە ماوەکەی 110 خولەکە—لە پاڵەوانێتی ئەکتەری کورد ئاڤان جەمال و ئەکتەری نەرویجی سۆربۆرن هارەیە. چیرۆکەکە لە دەوری کارەکتەری “ڤیان” دەخولێتەوە؛ نیشانەشکێنێکی کورد کە لە شەڕی داعش ڕزگاری بووە. دوای ئەوەی زانیاریی پێدەگات لەسەر ئەگەری زیندوومانەوەی خوشکە بچووکەکەی کە لە کاتی هێرشی داعش بۆ سەر مووسڵ لە ساڵی 2014 بێسەروشوێن ببوو، بڕیاری گەڕانەوە بۆ ناو شارەکە دەدات. بەمەش گەشتەکەی لە بەدواداگەڕانێکی سادەوە دەگۆڕێت بۆ ئەرکێکی ڕزگارکردنی مەترسیدار و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پاشماوە و شوێنەوارەکانی جەنگدا.
دەرهێنەر هەڵکەوت مستەفا ئاشکرای کردووە، بیرۆکەی فیلمەکەی لە چیرۆکی ڕاستەقینەی نیشانەشکێنێکی ئافرەتی هێزەکانی پێشمەرگە وەرگرتووە کە لە ساڵی 2014 لە هێڵەکانی پێشەوەی بەرگری چاوی پێیکەوتووە. بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعییەتی ڕووداوەکان، تەواوی دیمەنەکانی فیلمەکە لەناو کەلاوە ڕاستەقینەکانی شاری مووسڵدا وێنەگیراون.
لە چوارچێوەی چالاکییەکانی 83یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیس (2 تا 12ی ئەیلوولی 2026)، یەکەم نمایشی جیهانیی فیلمەکە لە بەشی “فیلمەکانی نیوەشەو” لە دەرەوەی پێشبڕکێی فەرمی بەڕێوەچوو.
لەبارەی ئەم بەشدارییەوە، کێرستی مو، سەرۆکی جێبەجێکاری پەیمانگەی فیلمی نەرویجی (NFI) ڕایگەیاند، هەڵبژاردنی فیلمەکە لە فێستیڤاڵێکی وەک ڤینیس، دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیی گرنگە بۆ ئاستی بەرزی سینەمایی بەرهەمەکە.
فیلمەکە لە نووسین و دەرهێنانی هەڵکەوت مستەفایە و بەرهەمهێنانی لەلایەن جانی هێڵتنس، جۆن ئێم. جاکۆبسن، شاد ئیسماعیل، فریدریك زاندەر و مەسعود ئامروڵڵا ئەلعەلییەوە ئەنجامدراوە لە ڕێگەی کۆمپانیای “هەنێ”، بە هاوکاری کۆمپانیای “لامیدیا” لە هەرێمی کوردستان و “The Chimney Pot“‘ لە سوێد.

