zagros news agency

زەیدی سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە زانیارییەکانی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ترەمپ ئاگادار دەکاتەوە

 

سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی وردەکاریی کۆبوونەوەیەکی ئاشکرا کرد کە شەوی ڕابردوو لەسەر بانگهێشتی هومام حەمودی، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و بە ئامادەبوونی عەلی زەیدی بەڕێوەچوو، بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆسیەی قەدەغەکردنی گەشته ئاسمانییەکانی ئێران لە فڕۆکەخانەکانی عێراقدا.

 

سەرچاوەکە بۆ شەفەق نیوز ئاشکرای کرد کە ئامادەنەنەبوونی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوی بەدر بەهۆی پابەندبوونی تایبەتی خۆیانەوە، بووە هۆی ئەوەی کۆبوونەوەکە بگوڕێت بۆ دانیشتنێکی ڕاوێژکاری لە نێوان ئەو سەرکردانەی ئامادە ببوون.

 

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە میانی دانیشتنەکەدا گرنگترین لێکتێگەیشتن و ئەو خاڵانەی خستەڕوو کە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و بەشێک لە بەرپرسانی ئیدارەکەی تاوتوێی کردبوون، هەروەها سناریۆی قۆناغی داهاتووی بەپێی پێشهاتە جیۆپۆلیتیکی و سەربازییەکانی ناوچەکە ڕوونکردەوە.

 

بەپێی سەرچاوەکه، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی دۆسیەی قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران و لێکەوتەکانی لەسەر عێراق و چۆنیەتی هەڵوەشاندنەوەی کرا.

 

ئاماژە بەوەش کرا کە ئەم دۆسیەیە لە کۆبوونەوەی چوار سەرۆکایەتییەکه کە بڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت، تاوتوێ دەکرێت؛ کۆبوونەوەیەک کە تێیدا تیشک دەخرێتە سەر گرنگترین دۆسیەکانی گۆڕەپانی عێراق کە زەیدی گڵۆپی سەوزی بۆ چارەسەرکردنیان وەخۆگرتووە بەجۆرێک لە بەرژەوەندیی وڵاتدا بێت.

 

بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەکی دووەمی چوارچێوەی هەماهەنگی پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکان بۆ تاوتوێکردنی تەواوی دۆسیە گرنگەکان ساز بکرێت.

 

کۆبوونەوەکە تایبەت کرابوو بە خستنەڕووی پاساوەکانی بڕیاری حکومەت و ڕەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندییەکانی بەغدا و تاران، جیا لەوەش تاوتوێکردنی هەڵوێستە سیاسی و جەماوەرییە ناوخۆییەکانی دوای ڕاگرتنی گەشتەکان و ئەگەری چارەسەرکردنی لێکەوتەکان لە ڕێگەی کەناڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانەوە.

 

حکومەتی عێراق شەممەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو کە لە گفتوگۆی ڕاستەوخۆدایە لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بۆ بەدەرکردنی هەندێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لە قەدەغەکردنی گەشتە ئێرانییەکان.

 

ئەم هەنگاوانە دوای سزاکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا (لە ٨ی ئەیلوول) دێن کە ۳٦ لایەنی پەیوەندیدار بە کەرتی فڕۆکەوانیی ئێران (لەوانەش ۲۷ کۆمپانیای فڕۆکەوانی) گرتبووەوە؛ بڕیارێک کە لە چوارشەممەی ڕابردووەوە کەوتووەتە بوار جێبەجێکردنەوە و ڕاو بۆچوونی جیاوازی لەلایەن کۆمپانیاکانی گەشتوگوزار و گواستنەوەی بەری لە عێراق لێکەوتووەتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

دانیشتووانی سوەیدا: تا ئاسایشمان مسۆگەر نەکرێت چەک دانانێین

یاسین

پەرلەمانتارێک مەترسییەک لەسەر ڕێککەوتنی فڕۆکەوانی نێوان عێراق و سووریا ئاشکرا دەکات

یاسین

شاندی هەرێم لەگەڵ تەیف سامی کۆدەبێتەوە لەبارەی داهاتی ناوخۆ كێشەی داهاتی نانەوتی مانگی شەش و مانگەكانی دواتریش

سەڵاح