ئەمڕۆ 29ی ئەیلوولی 2026، چل و پێنجەمین ئەڵقەی بازنەی گفتوگۆ بە ناونیشانی ” ڕۆڵی دیاسپۆرای كوردی لە فەزای دەرەوەی نیشتمان بۆ باڵاكردنی ناسیۆنالیزم” لە هۆڵی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بەڕێوەچوو.
بۆ ئەم گفتوگۆیە ڕاپۆرتێكی مەیدانی لە سەرجەم پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكانی هەرێمی كوردستان ئامادەكرابوو تیایدا پسپۆران و شارەزایان ڕاوبۆچوونی خۆیان لەسەر گرنگی رۆڵی دیاسپۆرای كوردستانی لە هەندەران خستبووە ڕوو و لەسەر سكرین نمایشكرا، دوای ئەم ڕاپۆرتە پەیامی شیفا بارزانی سەرپەرشتیاری گشتی ڕەوەندی كوردستانی لە بارەگای بارزانی خوێندرایەوە كە تایبەت بۆ ئەم گفتوگۆیەی لە ئەورپاوە نارد بوو ، پاشان ئەم بەڕێزانە ” سەفین دزەیی، شادمان مەلاحەسەن، پەیمان خواجە محەمەد، بۆتان ئەحمەد،كامەران حاجۆ ، سروە ڕەسوڵ ، د.هەژار ڕەحیمی ، د. ئەحمەد محەمەد عەبدۆ ، هەروەها ئەندامانی بازنەی گفتوگۆ – شڤان حەمدی ، عیماد تەها، د.جەلال ئەحمەد، فەرهاد محەمەد” زۆر بە چڕ و پڕی و راشكاوی لەسەر ئەم پرسە هەستیارەی ڕۆڵی دیاسپۆرا لە هەندەران گفتوگۆیان كرد.
ژینگەی كۆبوونەوەكە ، پێكەوەگرێدانەوەی بیربۆچوونی هەرچوار پارچەی كوردستان بوو بە رۆڵی دیاسپۆرای كوردستان لە هەندەران، خاڵی هاوبەش كۆی بیربۆچوونەكان دەستخۆشیكردن بوو لە ڕۆڵی ئەم دەیەیەی دوای دیاسپۆرا سەبارەت بە پرسەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان و هەروەها هەڵوێستی جوامێرانەی دیاسپۆرای كوردستانی وەك پشتیوانیەكی گەورە بۆ دۆزە چارەنووسسازەكان.
لەسەر ئاستی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە هەوڵیداوە بەڕێوەبەرایەتی بەرنامەی خوێندنی دەرەوەی وڵات تایبەت بە فێركردنی زمان و كلتووری كوردی بۆ ڕەوەندی كوردستانی دامەزراندووە و هەموو كتێبەكانی پرۆگرامی خوێندنی بە زارەوەكانی ” سۆرانی و بادینی” بە ئەلف و بێی كوردی و هەروەها زارەوەی كرمانجی بە ئەلف و بێی لاتینی چاپكردووە و ، چەندین قوتابخانەشی لە ناوەوەی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی هەرێمی كوردستان كردۆتەوە بۆ ئەوەی چ بەرێگەی راستەوخۆ یان ئۆلاین هەوڵبدەن كە زمانی دایك فێری منداڵانی هەندەران بكەن و بە میژوو و كلتوری كوردستانی پەروەردەیان بكەن.
خاڵێك كە جێگەی نیگەرانی بوو و لەم گفتوگۆیە هەڵوەستەی لەسەر كرا ، پرسی بە زۆر ناردنەوەی كۆچبەرانی كوردە لە هەندەران ، بۆ ئەمەش جەخت لەوە كرایەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان دژی ئەوەیە كۆچبەران بە زۆرە ملێ بنێرینەوە و ئەوانەشی نێراونەتەوە بۆ كوردستان بەرێگەی فرۆكەخانەی بەغدا گەراونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی بەپێی ئیمكان هاوكاریان بكات و كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكات.
جێگەی ئاماژە پێكردن ، ڕاپۆرتی تێروتەسەلی ئەم گفتوگۆیە لە رۆژی 5ی تشرینی یەكەم لە گۆڤاری گوڵان بڵاو دەكرێتەوە.

