دونالد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کشانەوەی دوایین هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە ئەمریکییەکان بگەڕێنەوە بۆ نیشتمان؛ هاوکات ستایشی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەلی ئەلزەیدی کرد.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تروس سۆشیاڵ بڵاوی کردەوە: «ئەمڕۆ خۆشحاڵم ڕابگەیەنم کە دوایین هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەکشێنەوە». ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کشانەوەیە دوای قۆناغێکی درێژخایەن لە «بڕیاری زۆر هەڵە» دێت کە ئەمریکای خستبووە ناو «ئەم زۆنگاوە».
ترەمپ گوتی: «ئەمە ڕۆژێکی مەزنە بۆ ئەمریکا؛ گرنگتر لەوەش ئەوەیە کە عێراق بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیرانێکی نوێی سەرنجڕاکێش بەجێ دەهێڵین، کە عەلی ئەلزەیدییە؛ کەسێک کە لە سەرەتاوە پشتیوانیم کردووە و بەتەواوی پشتم پێ بەستووە».
سەبارەت بە مێژووی کردارەکە، ترەمپ ڕوونی کردەوە کە «ئۆپراسیۆنی ئیرادەی بەهێز (Inherent Resolve) لە ساڵی ۲۰۰۳ لەسەر دەستی جۆرج دەبلیو بوش دەستی پێکرد، لە ساڵی ۲۰۱٤ لە سەردەمی باڕاک ئۆباما و دواتریش جۆ بایدندا بەردەوام بوو، لە کۆتاییدا لە ساڵی ۲۰۲٦دا لە ژێر سەرکردایەتیی دونالد ترەمپ کۆتایی هات».
ترەمپ بەراوردی لە نێوان کشانەوە لە عێراق و ئەوەی لە ئەفغانستان ڕووی دا کرد و گوتی کە لە ئەفغانستان «بڕێکی زۆر لە کەلوپەلی سەربازی و هەموو شتێکمان بەجێهێشت» و ۱۳ سەربازی ئەمریکی کوژران.
جەختیشی کردەوە کە «کشانەوەی ڕێکخراوانەی هێزەکانی هاوپەیمانان و کەلوپەلەکانیان لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر کۆتاییهێنانە بە گەشتێکی زۆر گرانبەها».

