zagros news agency

ئەمریکا لە بڕیارێکی مێژووییدا قەدەغەی هەناردەکردنی چەک بۆ سووریا هەڵدەگرێت

وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەرهێنانی سووریای لە لیستی ئەو وڵاتانە ڕاگەیاند کە سیاسەتی “ڕەتکردنەوەی گشتگیر بۆ مۆڵەتی هەناردەکردنی چەک، کەلوپەل و خزمەتگوزارییە بەرگرییەکان” دەیانگرێتەوە.

ئەم بڕیارە مێژووییەی واشنتن، لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦ـەوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

بڕیارەکە بە واتای ڕێگەپێدانی خۆکارانە (ئۆتۆماتیکی) نایەت بۆ مامەڵەکانی چەک لەگەڵ سووریا؛ بەڵکو پێشتر هەموو داواکارییەکی مۆڵەتپێدان بە شێوەیەکی پێشوەختە و گشتگیر ڕەت دەکرایەوە، بەڵام لە دوای ئەم بڕیارەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ هەر داواکارییەکی مۆڵەتپێدان بە جیا لێکۆڵینەوە دەکات و بەپێی کەیسەکە بڕیاری پەسەندکردن یان ڕەتکردنەوەی دەدات.

ئەم هەنگاوە نوێیە لەسەر بنەمای سیاسەتێکی نوێی مامەڵەی بەرگرییە لەگەڵ سووریا، کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ١٩ی ئابی ٢٠٢٦ پەسەندی کردبوو و فەرمانی دابوو ئەم گۆڕانکارییە لە ڕێساکانی بازرگانیی نێودەوڵەتیی چەکدا بە فەرمی بچەسپێنرێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕوونیکردەوە کە مەرجە یاساییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە هاتۆتە دی، لەوانە:

  • دەرهێنانی ناوی سووریا لە لیستی وڵاتانی پاڵپشتیکاری تیرۆر.

  • هەڵگرتنی ئەو کۆتوبەندانەی بەپێی چەندین یاسای ئەمریکی سەپێنرابوون، وەک “یاسای لێپرسینەوە لە سووریا و گەڕاندنەوەی سەروەریی لوبنان”، “یاسای چاودێریکردنی چەکی کیمیایی و بایۆلۆجی و لەناوبردنی بەکارهێنانە سەربازییەکانی”، لەگەڵ “یاسای قەدەغەکردنی بەسەربازکردن و بەکارهێنانی منداڵان لە هێزە چەکدارەکاندا”.

ئەم هەنگاوەی واشنتن لە چوارچێوەی هەوڵێکی بەرفراوانتری ئەمریکادایە بۆ کەمکردنەوەی سزاکان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییە ئابووری و سەربازییەکان لەگەڵ دیمەشق، ئەمەش وەک بەشێک لە سیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرامبەر سووریا لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی شوورای ئێران کۆبووەوە

دڵشاد

سەرۆکی حکومەت لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا؛ گرنگیی و بایەخێکی زۆر بە زمانی کوردی بدەن

سەڵاح

بەرگری شارستانی: رەنگه سزای سەرپێچیکارانی رێکارەکانی سەلامەتی بۆ ١٠ ملیۆن دینار زیاد بکرێت

یاسین