zagros news agency

هه‌رێمی كوردستان…20 هاووڵاتی شەهید و 123 کەسی دیکەش به‌ 809 هێرشی درۆنی و مووشەکی بریندار بوون

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی وردی لەسەر ئاماری ئەو هێرشانە بڵاوکردەوە کە لە 28ی شوباتی 2025ەوە تاوەکو 20ی نیسانی 2025 کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەو ماوەیەدا هەرێمی کوردستان کراوەتە ئامانجی 809 هێرشی جۆراوجۆر، کە لە ئەنجامدا 20 هاووڵاتی شەهید بوون و 123 کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جگە لەو زیانە ماددییە زۆرانەی بەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان و کەرتی تایبەت کەوتوون.

وردەکارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە دەریدەخەن کە هێرشەکان بە بەکارهێنانی 701 درۆن و 108 مووشەک ئەنجامدراون، کە تێیدا پارێزگای هەولێر زۆرترین هێرشی بەرکەوتووە بە کۆی 477 هێرش و تێیدا 10 هاووڵاتی شەهید بوون و 83ی دیکە بریندار بوون. هەروەها لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە 235 هێرش، لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران 68 هێرش و لە پارێزگای دهۆک 29 هێرش تۆمارکراون. هێرشەکان بە بیانووی جیاواز و بێ بنەما شوێنە مەدەنییەکانیان کردووەتە ئامانج، بەجۆرێک تەنها لە سنووری پارێزگای هەولێر زیان بە ماڵ و موڵکی 726 هاووڵاتی گەیشتووە و لە ئیدارەی سۆرانیش 35 هاووڵاتی ماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیان زیانی بەرکەوتووە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێم لە ڕیزبەندی یەکەمی ئەو ناوچانەدایە کە بەبێ ئەوەی بەشداربن لە هیچ جەنگێکدا، زۆرترین زیانی گیانی و ماددییان بەرکەوتووە. لەم چوارچێوەیەدا، چەندین جار داوا لە حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە کە سنوورێک بۆ ئەم هێرشە “ناڕەوا و تیرۆریستییانە” دابنرێت و کار بۆ پاراستنی سەروەریی خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت، تاوەکو چیتر هاووڵاتیانی سڤیل و ژێرخانی ئابووری هەرێم نەبنە ئامانجی هێرشە ناڕەواکان.

هەواڵی پەیوەندیدار

سه‌گڤان سندی بۆ زاگرۆس: ڕه‌وشی عێراق ئاوا بڕوات مه‌ترسی ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كان

یاسین

دروستکردنی نەخۆشخانەی نیشتیمانی تەندورستی دەروونی گەیشتە قۆناغی کۆتایی

یاسین

کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو

سەڵاح