ڕافینیای ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە و هەڵبژاردەی بەڕازیل لە یاریی رابردووی هەڵبژاردەکەی بەرامبەر ئوسترالیا تووشی پێکان بوو و بەو هۆیەشەوە نەیتوانی لە تایمی دووەمدا بەشداری بکات، ئەمەش نیگەرانی و توڕەیی بەرپرسانی یانە کەتەلۆنییەکەی لێکەوتەوە بەهۆی بەردەوام ماندووبوونی یاریزانەکە لە پێکهاتەی سەرەکیدا.
لە نوێترین پێشهاتدا، فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل ڕایگەیاند کە یاریزانەکە تووشی پێکانێکی ماسولکەیی سووک بووە و بەم زووانە هەڵبژاردەی وڵاتەکەی جێدەهێڵێت.
هاوکات ڕۆژنامەی سپۆرت دوپاتیکردەوە کە ناوبراو پێویستی بە ١٠ ڕۆژ پشوودان و چارەسەر هەیە تا بە تەواوی چاکببێتەوە، بۆیە دەگەڕێتەوە بەرشەلۆنە تا لەژێر چاودێری و پشکنینی پزیشکەکانی یانەکەیدا قۆناغی چاکبوونەوە تەواو بکات.

