zagros news agency

د. شەهرام عەلی کەژۆ: ڤێرژنی تازه‌ی گه‌رانه‌وه‌ی داعش مه‌رج نییه‌ وه‌ك 2014 بێت مه‌ترسی گۆڕینی تاكتیكیان هه‌یه‌

 

ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان باس لە سیناریۆی جیاواز ده‌كات له‌باره‌ی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ پێی وایه‌ عێراق دووباره‌ پێویستی به‌ داڕشتنه‌وه‌یه‌كی باشتری ئه‌منی و ئابووری و سه‌ربازی ده‌بێت له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان تا خۆیان له‌و مه‌ترسیانه‌ی دوای كشانه‌وه‌ی هاوپه‌یمانان بپارێزن.

د. شەهرام عەلی کەژۆ، پەرلەمانتاری کوردستان، بۆ (زاگرۆس) گوتی: ” کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق گۆڕانێکی ترسناکە لە شێوەی بەڕێوەبردنی ئەمنییەت و هاوسەنگیی دەسەڵاتدا. کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانە پەیوەندیی بە ژمارەی ئەو سەربازانەوە نییە کە عێراق و هەرێمی کوردستان بەجێدەهێڵن، بەڵکوو پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە دوای ڕۆیشتنیان، کێ زانیاریی هەواڵگری کۆدەکاتەوە، کێ ئاسمان دەپارێزێت، کێ بڕیاری بەکارهێنانی چەک دەدات و کێ ڕێگە دەگرێت لە گۆڕینی ناکۆکیی سیاسی بۆ پێکدادانی سەربازی. لەم ڕووەوە، مەترسیی سەرەکی ئەوەیە کە کەمبوونەوەی پشتگیریی دەرەکی، خێراتر لە پڕکردنەوەی بۆشاییە ناوخۆییەکان ڕووبدات.»

ئه‌وه‌شی خسته‌ روو: «ئەگەر بۆ ئەمڕۆ پرسیاری سەرەکی ئەوەبێت کە ئایا ئەم گۆڕانە ڕێگە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش خۆش دەکات یان نا؟ وەڵامی شیکاری ئەوەیە کە مەترسییەکە دەتوانێت زیاد بکات ئەگەر تواناکانی هاوپەیمانان جێگرەوەیان نەبێت، بەڵام ئایا گەڕانەوەی داعش وەکوو جاری پێشوو ڕووداوێکی حەتمییە؟داعش کەی و چۆن و بە چ شێوازێک دەگەڕێتەوە و دەبێتەوە بە مەترسی؟هۆشدارییەکان بەردەوام ئەوە دەخەنە ڕوو کە داعش بەردەوامە لە قۆستنەوەی ناسەقامگیری لە عێراق، کەواتە ئەمە مانای ئەوەیە کە شکستی داعش لە کۆنترۆڵی زەوی یاخود شارەکان بە مانای کۆتاییهاتن بە تۆڕ و توانای ڕێکخستنەوەی گرووپەکە نییە. داعش بۆ بوونەوە بە هەڕەشە پێویستی بە داگیرکردنەوەی مووسڵ نییە، هەر ئەوەندە بەسە بۆشاییەکی ئەمنی بدۆزێتەوە، لە ناکۆکیی نێوان هێزەکان سوود وەربگرێت و متمانەی خەڵک بە توانای پاراستنی دەوڵەت لاواز بکات.»

ده‌شڵیت: “مەترسییەکی نزیکتر لە داگیرکردنەوەی شارە گەورەکان ئەوەیە کە داعش بتوانێت شەڕێکی درێژخایەنی ماندووکەر بەڕێوە ببات و هێرشە بچووکەکان زیاد بکات، جووڵەی هێزە ئەمنییەکان سنووردار بکات و ئەوکاتەیە کە متمانەی خەڵک بە پاراستنی دەوڵەت لاواز دەبێت. لەم جۆرە شەڕەدا، کەمبوونەوەی چاودێری، درەنگ‌گەیشتنی زانیاری و ناکۆکیی نێوان دەزگا ئەمنییەکان دەتوانن لە کەمبوونەوەی ژمارەی سەرباز زیانبەخشتر بن. بۆیە لە قۆناغی نوێی دوای کشانەوەی ئەمریکییەکان، سەرکەوتن لە جەنگدا پەیوەندی بەوە نابێت کە چەند هێز لە مەیداندا ماون، بەڵکوو بەوەیە کە چەند خێرا دەتوانن هەڕەشە بناسن، زانیاری بگۆڕنەوە و وەڵامێکی هاوبەشی خێرا بدەنەوە.»

د. شەهرام باس له‌وه‌ش ده‌كات: »ئەم کێشەیە لە ناوچەکانی نێوان بەرپرسیارێتیی هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە هەستیارترە. ئەگەر ناکۆکی لەسەر دەسەڵات و بەڕێوەبردنی ناوچەیەک جێگەی هاوکاریی ئەمنی بگرێتەوە، داعش دەتوانێت سوود لەو بۆشاییە وەربگرێت. هاوکاریی هەولێر و بەغدا دەبێت بتوانێت لە کاتی ناکۆکیی سیاسیشدا بەردەوام بێت، چونکە ئەمنییەتی گوند و شارۆچکەکان ناتوانێت هەر جارێک چاوەڕوانی چارەسەرکردنی ناکۆکیی بودجە یان نەوت بکات. پێویستییە بنەڕەتییەکانی ئەم قۆناغە، ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەش، بەرپرسیارێتیی دیاریکراو و میکانیزمی خێرای گۆڕینەوەی زانیارین.»

زیاتر قسه‌ی كرد و گوتی: »مامەڵەی ئەمریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمیش، بە ئەگەری زۆر لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە دیپلۆماسی، هاوکاریی هەواڵگری، ڕاهێنان و پەیوەندیی سەربازیی ڕێککەوتن‌لەسەرکراو بەردەوام دەبێت، بەڵام قەبارە و مەرجەکانی ئەو هاوکارییە هێشتا دیار نین. بۆ هەرێم، دەرئەنجامی سیاسی ئەوەیە کە پەیوەندی لەگەڵ واشنتن دەبێت بە دامەزراوەیی بێت و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵیان بەهێز بکرێت. پشتبەستن بەو گریمانەیەی کە ئەمریکا لە هەر قەیرانێکدا دەستوەردانی سەربازی دەکات، بنەمایەکی لاوازە بۆ پلانی ئەمنی، بۆیە هەولێر پێویستی بە ڕێککەوتنی کرداری لەگەڵ بەغدا بۆ بەرگریی ئاسمانی، پاراستنی ژێرخان، هاوکاریی دژەتیرۆر و دابینکردنی دارایی هێزەکان هەیە، لە هەمان کاتدا، پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانیشی دەتوانن ڕاهێنان، چاودێری و پشتیوانیی تەکنیکی بۆ ئەو ڕێککەوتنانە دابین بکەن. عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن لەم گۆڕانەدا خاوەن بەرپرسیارێتی و توانای زیاتر بن، بەمەرجێک گواستنەوەی ئەرک لەسەر بنەمای ئامادەیی ڕاستەقینە بێت بۆ بەغدا.»

هەواڵی پەیوەندیدار

حکومەتی هەرێمی کوردستان سێ پڕۆژەی گرنگ جێبەجێ دەکات

یاسین

وەزیری بەرگریی پاکستان: دەتوانین تاڵیبان بگەڕێنینەوە بۆ ئەشکەوتان

سەڵاح

نرخی زێڕ لە هەلکشانە

یاسین