سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، بەبۆنەی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنەوە پیرۆزبایی لە خوێندکاران و مامۆستایان کرد و جەختی لەوە کردەوە کە وەبەرهێنان لە کەرتی پەروەردەدا، وەبەرهێنانە لە داهاتووی عێراقدا.
مالیکی لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” کە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند: “لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندندا، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی ڕۆڵەکانمان لە قوتابیان و خوێندکاران و بنەماڵە بەڕێزەکانیان، هەروەها مامۆستایان و سەرجەم کادیرانی پەروەردەیی لە سەرتاسەری عێراق دەکەین، هیوای ساڵێکی پڕ لە سەرکەوتن و لێهاتووییان بۆ دەخوازین.”
ناوبراو جەختیشی کردەوە: “وەبەرهێنان لە پەروەردەدا وەبەرهێنانە لە داهاتووی عێراق؛ پێگەیاندنی نەوەیەکی خوێندەوار، هۆشیار و بەتوانا بۆ خزمەتکردنی وڵاتەکەی، بەرپرسیارێتییەکی نیشتمانییە و پێویستی بە یەکخستنی هەوڵەکانی خێزان، قوتابخانە و دەوڵەت هەیە، لەگەڵ ڕەخساندنی ژینگەیەکی پەروەردەیی کە شایستەی ڕۆڵەکانمان و ئایندەی وڵاتەکەمان بێت.”

