یەکاترینا ئەنبیلوگۆڤا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری، روونیکردەوە گۆڕانی رەنگ و شێوەی نینۆکەکان رەنگە دەرئەنجامی هۆکاری دیاریکراو بێت و ئەو کێشە تەندروستییانەی خستەڕوو کە نینۆکەکان ئاماژەن بۆیان.
ئەنبیلوگۆڤا گوتی: “لە حاڵەتی کەمی ئاسندا نینۆکەکان تەنک و بێهێز و قووڵ دەبن و شێوەیەکی وەکو کەوچک وەردەگرن”. ئەنبیلوگۆڤا ئەوەشی خستەڕوو کە بێهێزیی زۆر رەنگە پەیوەست بێت بە کەمیی خۆراک، نەخۆشییەکانی رژێنی پەریزاد و هەندێک نەخۆشیی درێژخایەن، بەڵام تەنیا دەرکەوتنی نینۆکەکان رێگە نادات ئەو کێشە تەندروستییەی جەستە پێوەی دەناڵێنێت بەتەواوی دیاری بکرێت.
بەگوێرەی ئەو پسپۆڕە، گۆڕانی رەنگ، ئەستووربوون یان پێکهاتەی نینۆکەکان رەنگە پەیوەست بێت بە هەوکردنێکی ناوخۆیی یان برینێکەوە. ئەو پەڵە سپییە بچووکانەی دوای پرۆسەی جوانکاریی نینۆک یان بەرکەوتن و تێوەگلانی دیکە دەردەکەون، لەو رووەوە زۆر باون.
هەندێک گۆڕانی دەگمەن و تایبەت هەن، لەنێویاندا دەرکەوتنی نینۆکی خڕ لەگەڵ ئاوسانی سەری پەنجەکان کە بە حاڵەتی “چیلکەی تەپڵ” ناسراوە. ئەنبیلوگۆڤا روونیکردەوە، ئەو حاڵەتە رەنگە لەنێو تووشبووانی هەندێک نەخۆشیی سی و دڵدا رووبدات.
ئەنبیلوگۆڤا رێنمایی دەدات گرنگییەکی تایبەت بە رەشبوونی نینۆکەکان بدرێت. ئەو روونیکردەوە، دەرکەوتنی هێڵێکی رەنگدار بەتایبەت لەسەر یەک نینۆک و فراوانبوونی پلە بە پلە یان گۆڕانی رەنگەکەی، پێویستی بە پشکنینی پزیشکی پسپۆڕی پێست هەیە، چونکە لە حاڵەتی دەگمەندا رەنگە هۆکارەکەی وەرەمی میلانۆما بێت لە نینۆکەکەدا.

