وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، پەیوەندی و هاوکارییەکانی مۆسكۆ لەگەڵ حکومەتی نوێی سووریا بە شێوەیەکی “چالاک” گەشە دەکەن و ئێستا هەردوولا لە گفتوگۆدان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی پێگەی سەربازیی ڕووسیا لەو وڵاتەدا.
ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، ڕۆژی چوارشەممە (١٠ی حوزەیران) لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “هاوکارییەکانی نێوان ڕووسیا و سووریا لە گەشەکردنێکی بەردەوامدایە. لە چوارچێوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هاوبەشە سوورییەکان، پرسی بوونی سەربازیی ڕووسیا و ئەگەری گۆڕانکاری لە پێکهاتە و ڕۆڵی دامەزراوە سەربازییەکانمان تاوتوێ دەکرێت.”
ئەم لێدوانانەی زاخارۆڤا لە کاتێکدایە کە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، گومانێکی زۆر لەسەر چارەنووسی بنکە سەربازییەکانی ڕووسیا لە سووریا دروست ببوو. بەڵام وەک دەردەکەوێت، مۆسكۆ توانیویەتی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەگەڵ سەرۆکی نوێی سووریا “ئەحمەد شەراع” دروست بکات و پێگەی خۆی بپارێزێت.
سەبارەت بە پلانی دروستکردنی ناوەندێکی گەورەی لۆجستی لە بەندەری تەرتووس بۆ دابەشکردنی کاڵا ڕووسییەکان لە سووریا، زاخارۆڤا جەختی لەوە کردەوە کە کارەکان بۆ پەرەپێدانی پڕۆژە هاوبەشەکان بەردەوامن.
بنکەی دەریایی “تەرتووس” و بنکەی ئاسمانی “حمێمیم” لە لازقییە، دوو پایەی سەرەکی ستراتیژیی ڕووسیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تەرتووس تەنیا ناوەندی چاککردنەوە و دابینکردنی پێداویستییەکانی کەشتیگەلی ڕووسیایە لە دەریای ناوەڕاست، حمێمیمیش وەک پردێکی پەیوەندی گرنگ بۆ چالاکییە سەربازییەکانی کرێملین لە قاڕەی ئەفریقا بەکاردێت.
ڕووسیا کە لە ساڵی ٢٠١٥وە بە مەبەستی پشتگیریکردن لە بەشار ئەسەد دەستوەردانی سەربازی لە سووریا کرد، لە ماوەی ڕابردوودا بەشێک لە هێزەکانی لە هێڵەکانی پێشەوەی باکووری سووریا کێشایەوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە مۆسكۆ بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری بنکە ستراتیژییەکانی نابێت.
پەیوەندییەکانی مۆسكۆ و دیمەشق مێژوویەکی کۆنیان هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی جەنگی سارد، کاتێک ڕووسیا (یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو) لە ساڵی ١٩٤٤دا یەکەم وڵات بوو دانی بە سەربەخۆیی سووریادا نا.

