ئەمڕۆ چوارشەممە، 7-10-2026 شارەزایەکی ئابووری لە بانکی ستاندارد چارترد پێشبینییکرد، ئەگەر دابەزینی داهاتی نەوت بەردەوام بێت و دابەزاندنی بەهای دینار نەبێتە هۆی پشتگیریکردنی دارایی گشتی، عێراق پەنا بۆ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەبات.
کارلا سەلیم بە ئاژانسی بلومبێرگی راگەیاند: “هەر بەرنامەیەکی گریمانەیی لەگەڵ سندووقەکەدا چاکسازیی پێکهاتەیی لەخۆ دەگرێت، بەتایبەت لەو بەشەی پەیوەندی بە مووچەی کەرتی گشتییەوە هەیە، ئەمەش بە ئامانجی بەهێزکردنی بەردەوامیی دارایی گشتی دەبێت”.
سەلیم روونیکردەوە، ئەگەر بەفیڕۆچوونی یەدەگی دراوی بیانیی عێراق بەم خێراییەی ئێستا بەردەوام بێت، یەدەگەکە لە کۆتایی ئەمساڵدا بۆ نزیکەی 60 ملیار دۆلار دادەبەزێت، لە کاتێکدا لە سەرەتای ساڵدا بڕەکەی نزیکەی 100 ملیار دۆلار بووە.
سەلیم گوتی: “دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دینار لە مانگەکانی داهاتوودا هێشتا وەک بژاردەیەک لە ئارادایە، ئەمەش بەپێی گۆڕانکارییەکانی داهاتی نەوت و یەدەگی دراوی بیانی دەبێت”.
بەپێی دواین ریزبەندییەکان کە لەسەر بنەمای داتاکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی دەرکراون، یەدەگی دراوی بیانیی عێراق ئێستا نزیکەی 85 ملیار دۆلارە و ئەم بڕەش عێراق دەخاتە پلەی 28ـی جیهانی و سێیەمی عەرەبی.
ستاندارد چارترد گرووپێکی بانکیی فرەنەتەوەیی بەریتانییە و لە جیهاندا وەک یەکێک لە کۆنترین و گەورەترین ناوەندە داراییەکان دەناسرێت.

