zagros news agency

هۆشداری لە پەرەسەندنی گرژییە کۆمەڵایەتییەکان لە حەسەکە دەدرێت

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 7-10-2026، ژمارەیەک پارتی کوردیی سووریا سەبارەت بە لێکەوتەکانی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی حەسەکە هۆشدارییان دا و داوایان کرد کەشوهەوایەکی ئەرێنی بۆ دیالۆگ لە نێوان پێکهاتەکانی ناوچەکەدا بپارێزرێت و داواکارییە گشتییەکان بە رێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن.

پارتەکانی “لقاء التشاوري” لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاند، هەینیی رابردوو حەسەکە خۆپیشاندانێکی بەخۆوە بینیوە و تێیدا داوای سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر تەواوی خاکی سووریادا کراوە. ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی لێدوانی تیمی سەرۆکایەتیی راسپێردراو بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەی 29ـی کانوونی دووەمی رابردوو، کە لە نێوان سەرۆککۆمار و فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات واژۆ کراوە، پرۆسەی یەکگرتن بە شێوەیەکی نەرم بەڕێوە دەچێت.

بەیاننامەکە روونیکردەوە، خۆپیشاندەران درووشمیان دژی هێزەکانی سووریای دیموکرات بەرز کردووەتەوە، کە ئەو پارتانە بە بەشێک لە پێکهاتەی وەزارەتی بەرگریی سووریای دەزانن. هەروەها روونیکردەوە، هەندێک لە خۆپیشاندەران مامەڵەیەکی نەگونجاویان لەگەڵ هێما نەتەوەییەکانی کورد کردووە، هاوکات بانگەواز هەن بۆ رێکخستنی خۆپیشاندانی نوێ لە هەینیی داهاتوو.

پارتەکان رایانگەیاند، خۆپیشاندانەکان بە شێوەیەکی سەرەکی تەنیا پێکهاتەی عەرەبی دەگرێتەوە. ئەوان ئەم دۆخەیان بە جێگەی پرسیار زانی، چونکە بەپێی بەیاننامەکە، هەر جووڵە یان داواکارییەکی گشتی لە حەسەکە دەبێت گشتگیر بێت بۆ هەموو پێکهاتەکانی ناوچەکە و نابێت ببێتە دەربڕینێکی تاکلایەنە کە گرژی و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی زیاتر بکات.

پارتەکان هۆشدارییان دا لەوەی ئەو جۆرە کردەوانە رەنگە دۆخی گرژی قووڵتر بکات و پەرە بستێنێت بۆ ئاژاوە لە نێوان هاووڵاتییانی یەک نیشتمان یان شەڕێکی ناوخۆ، کە کۆنترۆڵکردنی لێکەوتەکانی لەسەر دۆخی گشتیی سووریا ئەستەم دەبێت.

لە کۆتاییدا پارتەکان جەختیان لەوە کردەوە کە ناوچەکە لەم قۆناغەدا پێویستی بە بنیادنانی متمانە و دابینکردنی کەشوهەوای ئەرێنی بۆ دیالۆگ لە نێوان پێکهاتە جیاوازەکاندا هەیە و داوایان کرد خۆ لە هەر هەوڵێک بەدوور بگیرێت کە دەبێتە هۆی زیاتربوونی گرژیی کۆمەڵایەتی.

هەروەها دووپاتیان کردەوە کە لایەنە حکوومییەکان بەرپرسیارن لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری و پێویستە رێگە لە بەردەم ئەوانەدا بگرن کە هەوڵی نانەوەی ئاژاوە یان دروستکردنی ململانێی کۆمەڵایەتی دەدەن.

هەواڵی پەیوەندیدار

دانپێدانانێکی کەم‌وێنەی سوپای ئەمریکا: چەکمان لە بۆشاییی ئاسماندا جێگیر کردووە

سەڵاح

پەیاما پیرۆزباهیا سەرۆک بارزانی بۆ جەژنا جەمایێ یا خوشک و برایێن ئێزدی

سەڵاح

لە دەوحە گفتوگۆکانی ئاگربەست لە غەززە دەستپێدەکەنەوە

سەڵاح