بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاند کە دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو لە چوارچێوەی فراوانتری چاکسازییە ئابوورییەکاندا هاتووە؛ هاوکات جەختی لەسەر سەقامگیریی دۆخی نەختینه کردەوە و توانای خۆی بۆ دابینکردنی دراوی بیانی بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی بازرگانیی دەرەکی دووپات کردەوە.
سەمیر وائیلی، بەڕێوەبەری بەشی ئامار لە بانکی ناوەندی ڕایگەیاند کە ڕێڕەوی نرخی ئاڵوگۆڕی دراو ڕۆڵێکی گرنگی لە ئابووریی عێراقدا هەیە.
ڕوونی کردەوە کە دەستکاریکردنی نرخی ئاڵوگۆڕ لە ۱۳۰۰ دینارەوە بۆ ۱٥۰۰ دینار بەرامبەر بە یەک دۆلار، لە چوارچێوەی کۆمەڵێک ڕێکار و چاکسازیی ئابووری و داراییدا هاتووە کە بەهۆی بارودۆخی تایبەتەوە بەسەر داهاتەکانی دەوڵەت و پێداویستییە داراییەکاندا سەپێنراون.
ئامانجی سەرەکی لەم هەنگاوە بەهێزکردنی بەردەوامیی دارایی و پاراستنی یەدەگی دراوی بیانییە تا توانای بانکی ناوەندی بۆ دابینکردنی دارایی بازرگانیی دەرەکی زیاتر بێت.
بەڕێوەبەری بەشی ئامار ئاماژەی بەوە کرد کە ڕێکاری پێویست گیراوەتە بەر بۆ هاندانی کەرتی تایبەت و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی بە مەبەستی ڕاگرتنی ڕێژەی هەڵئاوسان، ئەمەش سیاسەتی نەختینه دەکاتە پاڵپشتێک بۆ ئابووریی گشتی.
ئاشکراشی کرد کە لەگەڵ کەرتی بانکیدا ڕێککەوتن کراوە بۆ پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت لە ڕێگەی بانکی عێراقییەوە بە بڕی ۱ تریلیۆن دینار، هەروەها پاڵپشتیکردنی سندووقی نیشتەجێکردن بە بڕی ٥۰۰ ملیار دینار، سەرباری بەرزکردنەوەی پاڵپشتیی بانکی پێشەسازی لە ٥۰۰ ملیارەوە بۆ ۱ تریلیۆن دینار؛ ئەمەش زەمینە بۆ گەشەی کەرتی تایبەت بەهێزتر دەکات.
جەختی کردەوە کە دۆخی نەختینەی وڵات جێی دڵنیاییە و یەدەگی دراوی بیانی لە ئاستێکی دڵنیایی دایە و بانکی ناوەندی توانای تەواوی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکان لەسەر دراوی بیانی بۆ بازرگانیی دەرەکی.
وائیلی ڕاشیگەیاند کە ڕێنمایی دراوە بە بانکەکان بۆ بەهێزکردنی توانایان لە دابینکردنی دارایی هاوردەکردن و دابینکردنی پێداویستییەکانی کەرتی تایبەت لە دراوی بیانی تا ئاستی ۱ ملیار دۆلار، کە ئەمەش خستنەڕووی دراوی بیانی لە ڕێگە فەرمییەکاندا زیاد دەکات و دەبێتە هۆی سەقامگیریی بازار و بەهێزبوونی کەرتی بانکی.

