فیلمی “A Matter of Life or Death” هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی شانشینی عەرەبی سعودیە بکات لە کێبڕکێکانی خەڵاتی ئۆسکاری 2027 لە پۆلی باشترین فیلمی نێودەوڵەتی، بەپێی ئەو پێوەرانەی لەلایەن ئەکادیمیای هونەر و زانستەکانی وێنەی جوڵاوەوە دیاریکراون.
لیژنەی هەڵبژاردنی فیلمەکان بۆ ئەو بەشە، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ڕۆژی 15ی کانونی یەکەمی 2026 لیستی کورتکراوەی 15 فیلمەکە ڕادەگەیەنرێت و لە 21ی کانونی دووەمی 2027 لیستی کۆتایی بڵاودەکرێتەوە.
ئەم بەرهەمە سینەماییە بەشداری ئەکتەران سارە تایبە و یەعقوب فەرحان و حوسام حارسی دەگرێتە خۆ.
سارە تایبە چیڕۆکی فیلمەکەی نووسیوە و ئەنەس باتهف کاری دەرهێنانی بۆ کردووە.
چیڕۆکی فیلمەکە لەبارەی خانمە هونەرمەندێکە بە ناوی حەیات کە بڕوای بە دنیای خەیاڵ هەیە و لەو بڕوایەدایە کاتی مردنی خۆی دەزانێت، بەڵام دواتر چاوی بە پزیشکێکی نەشتەرگەری دڵ دەکەوێت و ڕێڕەوی ژیانی دەگۆڕێت.
فیلمەکە لە 22ی تشرینی یەکەمی 2026 لە پلاتفۆرمی شاهید پەخش دەکرێت.

