zagros news agency

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە: ١٠٠ ملیۆن بەرمیلی دیکە لە یەدەگی نەوت دەخرێتە بازاڕەوە

 

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی تشرینی یەکەم ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانێکی مانگی ئاداردا، پڕۆسەی ئازادکردنی یەدەگی نەوت خێراتر دەکات و ئەولەویەت بە دابینکردنی گازوایل دەدات.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدا دێت حکوومەتەکان هەوڵ دەدەن بەرەنگاری نرخە بێوێنەکانی سووتەمەنی و پچڕانی دابینکردنی نەوتی سەرچاوەگرتوو لە شەڕی ئێران ببنەوە.
شەڕ لە ئێران و ئۆکراینا زیانی بە پاڵاوگەکان گەیاندووە و هاتوچۆی نەوتهەڵگرەکانی پەکی خستووە؛ ئەم پرسەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی بێوێنەی نرخی گازوایل لە زۆربەی بازاڕەکاندا و ئەم سووتەمەنییەی کردووەتە بابەتێکی گرنگ لە گۆڕەپانی سیاسی و ئابووریی جیهاندا.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە ڕایگەیاند، خێراکردنی ئازادکردنە ڕاگەیەندراوەکانی پێشوو، دەتوانێت نزیکەی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی دیکە بخاتە نێو بازاڕەوە.
ڕاگەیەندراوی ئەم دامەزراوە ڕاوێژکارییەی وڵاتانی پیشەسازی پاش ڕێککەوتنی ڕۆژی هەینیی وڵاتانی گرووپی حەوت بۆ خستنەڕووی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و گازوایل بڵاو کرایەوە؛ ڕێککەوتنێک چاوەڕوانییەکان بۆ ئازادکردنی زیاتری یەدەگە نەوتییەکانی بەرز کردەوە.
هەنگاوەکەی گرووپی حەوت پاش هۆشداریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆک‌کۆماری ئەمریکا هات، سەبارەت بە ئەگەری قەدەغەکردنی هەناردەی گازوایل لە وڵاتەکەیەوە، ئەگەر بڕی زیاتری ئەم سووتەمەنییە نەخرێتە بازاڕەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بەڕێوەبردنی یەدەگی فریاگوزاریی نەوت لە نێوان وڵاتانی پیشەسازیدا لە ئەستۆ دەگرێت، لە مانگی ئاداردا بەرنامەیەکی بە مەبەستی ئازادکردنی ٤٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بەرەنگاربوونەوەی کەمبوونەوە و بەرزبوونەوەی نرخەکان بەهۆی شەڕی ئێرانەوە دەست پێکرد، هەرچەندە تا ئێستا هەموو ئەم بڕە نەخراوەتە بازاڕەوە.
فاتح بیرۆل، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئاژانسەکە، لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: «حکوومەتە ئەندامەکان پشتیوانییان لە خێراکردنی ئازادکردنی یەدەگە نەوتییە ڕاگەیەندراوەکانی مانگی ئاداری ٢٠٢٦ بە مەبەستی تەواوکردنیان لە زووترین کاتدا، دەربڕی».
ناوبراو هەروەها گوتی: «ئەندامانی ئاژانسەکە، لەبەرچاوگرتنی دۆخی هەستیاری بازاڕەکانی گازوایل، پشتیوانییان لە پێشینەدان بە خستنەڕووی یەدەگی گازوایل کرد».
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە گوتی، نزیکەی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل لە بڕە بەڵێندراوەکەی مانگی ئادار هێشتا نەچووەتە نێو بازاڕەوە. دامەزراوەکە ئاشکرای نەکرد چەند لەم بڕە گازوایل و چەندی نەوتی خاو دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو ئەندامانی ئاژانسەکە لە کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریدا ئەم بەرنامانە هەڵسەنگێنن. گرووپی حەوت لە ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا واتا فەڕەنسا، ئەڵمانیا و ئیتاڵیا، لەگەڵ ئەمریکا، بریتانیا، ژاپۆن و کەنەدا پێک دێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە بەغدا گرووپێكی بەقاچاغبردنی نەوت ئاشكرا دەبێت

سەڵاح

د. نه‌هله‌ ئه‌فه‌ندی” حكوومه‌تی عێراق به‌رپرسه‌ له‌دابین كردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران”

یاسین

نرخی ئەمڕۆی زێڕ و دراوەكان

سەڵاح