zagros news agency

چۆن تووش بوون به پەتا، کۆرۆنا، ئەنفلۆنزا و هەستیاری جیا دەکرێنەوە؟

 

لە پژمینێکی سادەوە تا تای بەرز و ئازاری توندی جەستە؛ چوار نەخۆشی بە نیشانەی هاوشێوە کە دەستنیشانکردنیان هەمیشە ئاسان نییە. بەڵام زانستی پزیشکی چ ڕێگەیەک بۆ جیاکردنەوەیان پێشنیار دەکات و کەی پێویستە لەجیاتی مەزەندەکردن، پشکنین بکرێت؟

بەیانیان بە کەمێک سووتانەوەی قوڕگ لە خەو هەڵدەستن. پێش نیوەڕۆ پژمین و ئاوکردنی لووت دەست پێدەکات. تا ئێوارە هەست بە ماندووبوون دەکەن و ڕەنگە کۆکەشی بێتە سەر. مەزەندەی یەکەم زۆربەی کات پەتای سادەیە، بەڵام ئایا دەکرێت دڵنیا بین؟ ڕەنگە ئەنفلۆنزا، کۆرۆنا، یاخود کاردانەوەی لەش بەرانبەر تۆزوخۆڵ و هەڵاڵەی ڕووەک بێت.

دەستنیشانکردنی ئەم چوار دۆخە بۆ پزیشکانیش هەمیشە ئاسان نییە، چونکە هۆکارە جیاوازەکان نیشانەی هاوشێوە دروست دەکەن. ئاوکردنی لووت، ئێشی گەروو، پژمین، کۆکە، سەرئێشە و ماندووبوون لە هەموویاندا دەبینرێن. سەرەڕای ئەمەش، جیاوازی لە دەستپێکی نیشانەکان، توندییان و کاردانەوەی جەستەدا هەیە.

لە ڕوانگەی پزیشکییەوە، پەتا، ئەنفلۆنزا و کۆڤید-١٩ هەوکردنی ڤایرۆسین. پەتا بەهۆی چەندین ڤایرۆسەوە دروست دەبێت و باوترینیان ڕاینۆڤایرۆسە. ئەنفلۆنزا سەرچاوەکەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزایە و کۆڤید-١٩ش بە ڤایرۆسی سارس-کۆڤ-٢ دروست دەبێت. لە بەرانبەردا، هەستیاریی کۆئەندامی هەناسە کاردانەوەی سیستەمی بەرگرییە بەرانبەر هەڵاڵە، گەردی تۆزوخۆڵ یان مووی ئاژەڵ.

نێوەندیی کۆنترۆڵ و پێشگیری لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC) جەخت دەکاتەوە، دەستنیشانکردنی یەکلاکەرەوەی ئەنفلۆنزا و کۆڤید-١٩ تەنها بەپێی نیشانەکان ناکرێت و پشکنین پێویستە.

پەتای ئاسایی هێواشتر لە ئەنفلۆنزا سەرهەڵدەدات. لەوانەیە سەرەتا بە کەمێک وشکی یان سووتانەوە لە قوڕگدا دەست پێبکات، پاشان گیرانی لووت و پژمین بێنە پێشەوە. نیشانەکان لە دوو تا سێ ڕۆژی یەکەمدا دەگەنە لوتکە و کەمتر لە هەفتەیەک دەخایەنن. لە پەتادا نیشانەکانی لووت و قوڕگ دیارترن لە نیشانە گشتییەکانی جەستە، تای بەرز و لەشداهێزرانی توند کەمتر دەبینرێن.

بەڵام ئەنفلۆنزا بە کتوپڕی دەست پێدەکات. نەخۆش لەوانەیە بەیانی باش بێت، بەڵام پاش چەند کاتژمێرێک بە لەرز، تا، سەرئێشە و ئازاری ماسولکە بکەوێت. ئازاری جەستە هەندێک جار ئەوەندە توندە کارە ئاسایییەکانی ڕۆژانە قورس دەکات. هەستکردن بە نەخۆشی لە تەواوی جەستەدا دەردەکەوێت.

کۆرۆنا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات؛ نیشانەکانی وەک ئێشی گەروو، ئاوکردنی لووت، سەرئێشە، کۆکە، ماندووبوون، تا و ئازاری لەش لە هەردوو نەخۆشییەکەی دیکەشدا هەن. لەدەستدانی لەپڕی بۆنکردن یان تامکردن هێشتا نیشانەیەکی بەهێزە بۆ کۆڤید-١٩، بەڵام نەبوونی ئەم نیشانەیە بە واتای ڕەتکردنەوەی نەخۆشییەکە نایەت. کەمبوونی نیشانەکان تووشبوون بە کۆرۆنا ڕەت ناکاتەوە.

لە هەستیاری(حەساسییە)دا، خورانی چاو و لووت، پژمینی یەک لە دوای یەک و ئاوکردنی لووت نیشانەی سەرەکین. ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ هەستیاری، ڕەبۆ و بەرگریزانی، خورانی چاو، لووت و قوڕگ لە نیشانە سەرەکییەکان دادەنێت. هەستیاری بەزۆری تای ڕاستەقینە و ئازاری توندی جەستە دروست ناکات. هەروەها نیشانەکانی هەستیاری تا کاتی بەرکەوتن بە هۆکارەکە بەردەوام دەبن، بە پێچەوانەی هەوکردنی ڤایرۆسی ماوەیەکی دیاریکراوی هەیە.

بۆ کەسانی بەتەمەن، ژنانی دووگیان و ئەوانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە، پێویستە زوو سەردانی پزیشک بکرێت، چونکە دەرمانی دژەڤایرۆسی ئەنفلۆنزا لە ٤٨ کاتژمێری یەکەمدا و دەرمانی کۆرۆنا لە پێنج ڕۆژی یەکەمدا زۆرترین کاریگەرییان دەبێت. پشکنینی خێرای ئەنتیجین و پشکنینی مۆلیکوولی (PCR) یارمەتیدەری دەستنیشانکردنی وردی نەخۆشییەکانن.

هەواڵی پەیوەندیدار

لە هاویندا خواردنەوەی سارد یان گەرم باشترە؟

lana

ئەم خۆراکانە رێگری لە ئازاری جومگەکان دەکەن

lana

چۆن خواردنی ماست یارمەتی نەخۆشانی شەکرە دەدات؟

lana