zagros news agency

گواستنەوەی عێراق: عێراق و تورکیا بۆ دامەزراندنی سندووقێکی دارایی بۆ پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان رێککەوتن

 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند کە هەنگاو نراوە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنێک لەگەڵ تورکیا بە مەبەستی پێکهێنانی سندووقێکی دارایی لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی نەوت بەرانبەر بە دارایی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان؛ هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە قۆناغی یەکەمی پڕۆژەکە لە ڕێگەی قەرزی بانکی نێودەوڵەتییەوە دابین دەکرێت.

 

فازڵ عەباس، بەڕێوەبەری بەشی پڕۆژەکان لە کۆمپانیای گشتیی هێڵی ئاسنینی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (واع) ڕایگەیاند کە پڕۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان ئێستا لە قۆناغی ئامادەکردنی دیزاینەکاندایە.

 

ڕوونی کردەوە کە ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەکە پەرەپێدانی تۆڕی هێڵی ئاسنینی عێراق، بەستنەوەی پارێزگاکان پێکەوە، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گواستنەوەی گەشتیار و کاڵا و لە سەرووی هەمووشیاندنی گواستنەوەی کاڵا لە بەندەری فاوەوە بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا و بەپێچەوانەوە.

 

عەباس ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا کار لەسەر ڕێککەوتن دەکرێت لەگەڵ تورکیا بۆ دامەزراندنی سندووقێک بە مەبەستی دارایی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیا تورکییەکانەوە لە بەرامبەر نەوتدا.

 

سەبارەت بە قۆناغی یەکەم، ڕوونی کردەوە کە پڕۆژەیەکی تر هەیە کە بریتییە لە نوێکردنەوەی هێڵی ئاسنینی ئێستا لە بەغداوە بۆ بەسرە و ئوم قەسر لە باشوور و لە بەغداوە بۆ مووسڵ لە باکوور، لەگەڵ بەستنەوەی ئەم هێڵە بە بەندەری فاو و سنوری تورکیا لە فیشخابور، کە تێچووەکەی لە ڕێگەی قەرزی بانکی نێودەوڵەتییەوە دابین دەکرێت.

 

بەرپرسەکەی هێڵی ئاسنین باسی لەوەش کرد کە کۆمپانیاکە ئێستا کار دەکات بۆ خستنەوەکارەوەی هێڵی ئاسنینی (بەغدا – عەکاشات) دوای نۆژەنکردنەوەی زۆرینەی بەشەکانی و پردە وێرانکراوەکانی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە و تەنها پردی بچووکی (وادی فەتم) لە قۆناغی ڕادەستکردن و واژۆکردنی گرێبەستدایە.

 

جەختی کردەوە کە دۆسیەی مەتڕۆی بەغدا گواستراوەتەوە بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانیی بەغدا تا دەرفەتێکی وەبەرهێنان بۆ جێبەجێکردنی ڕابگەیەنێت و هیچ پلانێکی ئێستایی بۆ هێڵی ئاسنین نییە کە پەیوەندی بە ترام یان مەتڕۆوە هەبێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبونەوەى تۆمار کرد

یاسین

زۆنگاوە مێژووییەکانی عێراق دوای ساڵانێک لە وشکەساڵی، لەگەڵ گەڕانەوەی ئاو دەبوژێنەوە

سەڵاح

پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانی

یاسین