ئەمڕۆ دووشەممە 19ى تشرینى یەکەم 2026 سەفین موحسین دزەیی، بەرپرسی فهرمانگهى پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت، پێشوازی لە ئیڤان دۆڤهانیچ، باڵیۆزی ئۆکرانیا لە عێراق کرد.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەکە، باڵیۆز خۆشحاڵى خۆى دەربڕى بە سەردانى کردنى هەرێمى کوردستان و رایگەیاند کە ئەمەیەکەم سەردانیەتى بۆ هەرێمى کوردستان لە دواى وەرگرتنى پۆستى باڵیۆزى ووڵاتەکەى لە عێراق و ئاماژەى بەوەدا کە مەبەستیەتى پەرە بە پەیوەندیەکانیان بدەن لەگەڵ هەرێمى کوردستان لە بوارە جیاوازەکان.
لەلایەن خۆیەوە بەرپرسی فەرمانگە، دواى بەخێرهاتنى باڵیۆز، رایگەیاند کە هەرێمى کوردستان خوازیارى پتەوکردنى پەیوەندیە لەگەڵ ووڵاتان لەسەر بنەماى بەرژەوەندى هاوبەش و هەروەها بەڕێزیان باسی لە دوایین پێشووەچوونەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کرد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا گفتوگۆیان کرد لەبارەى هەنگاوەکانى بەرەوپێشچوونى پەیوەندییەکان لە بوارەکانى بازرگانى و وەبەرهێنان و خوێندن و کەلتورى.

