لەژێر دروشمی “نووسین و گەڕان بەدوای ناسنامە لە جیهانێکی نامۆدا” دیداری ئەدەبی و فکری نووسەر ئازاد سوبحی بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سیروان عوسمان بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، توێژەران، ئەدیبان و ڕۆشنبیران، دیدارەکە دەستیپێکرد.
دیدارەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتیی چالاکییە وێژەییەکان و سەنتەرەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی دیداری قەڵەمی ئازاد، ڕێکخرا.
لە دیدارەکەدا، جیهانی هزری و ئەدەبی نووسەر ئازاد سوبحی و ئەزموونی نووسینی تاوتوێ کرا، بە تایبەتی ڕۆڵی ئەدەب لە گەڕان بەدوای ناسنامە، تێگەیشتن لە بوونی مرۆڤ و پەیوەندیی نێوان تاک و کۆمەڵگە، لە سەردەمێکدا کە گۆڕانکارییە خێراکانی جیهان پرسیارە نوێیەکانی ناسنامە و سەر بەخۆبوونی فکری دەوروژێنن.
هەروەها، گرنگیی نووسین و ئەدەب وەک ئامرازێک بۆ دەربڕینی ئەزموونە مرۆییەکان، پەرەپێدانی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و کردنەوەی ئاسۆی گفتوگۆی فکری و ڕۆشنبیری، یەکێکی دیکە بوو لە تەوەرە سەرەکییەکانی دیدارەکە.
چالاکییەکە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر بۆ پشتگیریکردنی نووسەران و ئەدیبان، ناساندنی ئەزموونە ئەدەبییەکان و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان نووسەران و خوێنەران بەڕێوەچوو، بە ئامانجی دەوڵەمەندکردنی ژینگەی فکری و ڕۆشنبیری و زیندوو ڕاگرتنی بزووتنەوەی ئەدەبی لەشاری هەولێر.

