کۆمپانیای ژاپۆنیی «GMO Internet» ڕایگەیاند کە زیانی کڕیارانی بەهۆی مامەڵەی نەخوازراوەوە قەرەبوو دەکاتەوە کە لە ئەنجامی هێرشێکی سایبەری بۆ سەر خزمەتگوزاریی هەورەیییەکەی (Cloud) ڕووی داوە؛ هەروەها بڕی ٥ هەزار یەن (بەرانبەر ٢٨ یۆرۆ) وەک دیاری دەداتە سەرجەم بەکارهێنەرانی ئەو خزمەتگوزارییە.
هێرشەکە خزمەتگوزاریی (Onamae.com Desktop Cloud)ـی کردە ئامانج؛ کۆمپانیای GMO ڕوونی کردەوە کە زانیاریی کڕیاران دزەی پێ کراوە و هەندێک لە بەکارهێنەران لە بوونی مامەڵەی نەناسراو لە هەژمارەکانیان ئاگادارییان داوە.
بە وتەی دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە، ماساتوشی کومگای، ڕووداوەکە ئەگەری هەیە ٢٦ هەزار و ٧٣٩ ڕاژە (سێرڤەر)ی خستبێتە ژێر کاریگەریی خۆیەوە، لەوانەش ئەنجامدانی کرداری ناڕەوا لە هەژماری زیاتر لە ٧٠ کۆمپانیای ئاڵوگۆڕی دارایی و دراوی بیانی لە ژاپۆن و دەرەوەی وڵات.
کۆمپانیای GMO ئاشکرای کرد کە داوای باجی لەلایەن هێرشبەرانەوە پێگەیشتووە؛ هێرشبەران داوای ٥٠ ملیۆن دۆلاریان بە دراوی ئەلکترۆنی(کریپتۆ) کردووە و هەڕەشەیان کردووە کە زانیارییەکانی کۆمپانیا و کڕیاران نهێنی بڵاو دەکەنەوە. کۆمپانیاکە سەرکۆنەی ئەم هەڕەشەی کرد و ڕەتی کردەوە باجەکە بدات و لەگەڵ پۆلیس و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هاوکاری دەکات.
وەک جێگرەوەیەک بۆ ئەو کڕیارانەی دەیانەوێت بەردەوام بن لە بەکارهێنانی ویندۆز، کۆمپانیاکە خزمەتگوزارییەکی جێگر لەسەر بنەمای ژێرخانی هەورەییی سەربەخۆ بۆ ماوەی شەش مانگ بە بێبەرامبەر دابین دەکات، هاوکات پلانی هەیە بۆ دووبارە دیزاینکردنەوەی پەیکەربەندیی ئاسایشی خۆی بە هاوکاریی شارەزایانی دەرەکی.

