کارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی قورس لە شاری هەولێر بە گوژمەی ٧٧٤ ملیۆن دۆلار بە خێرایی بەڕێوە دەچن، کە وەک یەکێک لە گەورەترین پڕۆژەکانی ژێرخان لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق پۆلێن دەکرێت.
پڕۆژەکە کە لەلایەن کۆمپانیای «ئاوزان»ـەوە جێبەجێ دەکرێت، لەسەر ئاستی عێراق بە یەکەمین وێستگەی لەو شێوەیە دادەنرێت لە ڕووی قەبارە و گرنگیی ستراتیژییەوە بۆ ژێرخانی شارەکە.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم گەورەپڕۆژەیە وەرچەرخانێکی گرنگ لە کەرتی ژینگە و تەندروستیی پایتەختدا دروست دەکات، بە جۆرێک دەبێتە هۆی پاراستنی ئاوی ژێرزەوی، ڕێگریکردن لە ژەهراویبوونی خاک و کەمکردنەوەی مەترسییە تەندروستییەکان لەسەر هاووڵاتییان.
هاوکات، پڕۆژەکە خزمەتێکی گەورە بە کەرتی کشتوکاڵ دەگەیەنێت؛ لە ڕێگەی دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوە چارەسەرکراوەکە بۆ ئاودانی ڕووبەرە سەوزایییەکان و پەرەپێدانی پشتێنەی سەوزایی شاری هەولێر، ئەمەش ڕۆڵێکی دیار لە پاراستنی هاوسەنگیی ژینگەیی و ڕووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵیدا دەگێڕێت.




















