مەهدی زریان نووسەر بۆ زاگرۆس: لە کاتێکدا هەندێک لایەن خەریکی پاشەکشێ و خیانەت بوون کاکە حەمە دەستکەوتەکانی دەپاراست، کەچی ئێستا بڕیاری دادگا دەکەنە ئامرازی تەسفیەی سیاسی
مەهدی زریان، نووسەری دیاری شاری کەرکووک باس لەو هەڵمەتە دەکات بەناڕەوا دەکرێتە سەر کاکە حەمە و دوایم فشار فەرمانی دەستگیرکردنیەتی لە لێدوانێکدا بۆ (ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس) ڕایگەیاند: ”بڵاوکردنەوەی بڕیاری دەستگیرکردن یان ڕێکاری یاسایی لە میدیاکاندا بەرامبەر کەسایەتییە نیشتمانییەکان، هیچ نییە جگە لە کارتێکی زۆری سیاسی. سەرجەم هاووڵاتییانی کوردستان دەزانن کێ لە ڕۆژە سەختەکاندا لە سەنگەری پێشەوەی بەرگریدا بووە و کێش خەریکی سازشکردن و بازرگانیکردن بووە بە ڕەنجی ئەم گەلەوە و خیانەتی کردوە.“
روونیشی کردەوە: ”یەکلاکردنەوەی کێشە دارایی و موڵکدارییەکان کە مێژووەکەیان بۆ سەردەمی ڕژێمی پێشوو یان سەرەتای ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە، ڕێکاری کارگێڕی و یاسایی تایبەت بە خۆی هەیە. پەلەکردن لە بەکارھێنانی ڕێکاری توند بەرامبەر سەرکردەیەک، نیشانەی ئەوەیە کە بڕیارەکە لە پشت دەرگا داخراوەکاندا دراوە و ئامانج لێی بێدەنگکردنی دەنگە ئازادەکان و ڕەخنەگرانی بارودۆخی ئێستایە.“
جەختیشی کردەوە: ”ئەوانەی ئەمڕۆ پەنا بۆ ئەم کەناڵانە دەبەن بۆ لێدان لە سەروەریی خەباتکاران، بیریان چووەتەوە کە ڕەواجی جەماوەری بە نووسراوی دادگا ناڕووخێت. ئەم هۆشیارییەی لای خەڵکی کوردستان هەیە زۆر لەوە گەورەترە بەم جۆرە پیلانانە چەواشە ببێت، و باسی ماف و یاسا لە کەسانێک وەرناگیرێت کە خۆیان لە سەرەتاییترین ئەرکە نیشتمانییەکان ڕایانکردووە.“

